کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی خۆی بۆ تۆڵەیەکی توند لە خەڵک ئامادە دەکات

15:09 - 31 جۆزەردان 2725

کۆماری ئیسلامی خۆی بۆ تۆڵەیەکی توند لە خەڵک ئامادە دەکات

هەردی سەلیمی

ئیسرائیل لە هێرشەکانی‌ بۆ سەر پایەگا و دامەزراوە ناوکی و بنکە مووشەکییەکانی ئێران بەردەوامە، کۆماری ئیسلامییش هێرشەکانی ئیسرائیلی لە چەندین شەپۆل لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "وعدەی صادق ٣"دا وڵام داوەتەوە. لەم نێوانەدا بەدەر لەو ئاستە زەرەرەی کەوا بە یەکتریان گەیاندوە، بابەتێک شیاوی تێڕامانە، ئەویش گیانی زیندانیان و دۆخی گرتن و دەسبەسەرکردنەکان لە ئێراندایە.

ڕاپۆرتەکانی ئەم ماوەیە دەرخەری ئەوەن نەتەنیا هیچ ڕێکارێکی ئەمنی بۆ پاراستنی گیانی زیندانییەکان لەبەرچاو نەگیراوە، بەڵکوو دۆخی ئەمنی و پاراستنیان زۆر خراپتریش بووە و هەتا دێ ژمارەی بەندکراوان زیاتریش دەبێ. لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا ڕێکاری یاساییی پێویست بۆ پاراستنی گیانی زیندانیان لە هەلومەرجی شەڕدا هەیە، چون دەسەڵات لە بەرامبەر گیانیاندا بەرپرسیارە. تەنانەت هەر بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامییش پێویستە زیندانیان لە کات و هەلومەرجی شەڕدا، گیانیان پارێزراو بێت و بگوازرێنەوە بۆ شوێنی ئەمن و دوور لە شەڕ، کە خەساری گیانیان بەر نەکەوێ، هەروەها هەر بەپێی ئەو یاسایە دەکرێ لە هەندێک حاڵەتدا بۆ ماوەی کاتی ئازاد بکرێن. بەڵام ئەوەی لەم ماوەیەدا لە ئێراندا ڕووی داوە ڕێک پێچەوانەکەی بووە.

کۆماری ئیسلامی لەم شەڕەدا هەوڵی داوە قەڵغانی مرۆیی لە خەڵک ساز بکات. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕێژیم ناوەندە نیزامییەکانی لە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک نزیک کردووەتەوە، لانیکەم لە پێوەندی لەگەڵ کرماشاندا چەندین ڕاپۆرتی لەم شێوەیە هەیە و لەلایەن ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤەوە پشتڕاست کراونەتەوە. لەگەڵ ئەوەش هەر بەهۆی ئەوەی لە زۆر شوێنی ئێراندا زیندان و پادگانەکان لە نزیک یەکترن، ئەم مەترسییانە زیاتر بوون. وەک نموونە لە تەنیشت زیندانی "دیزڵاوا"ی کرماشان چەندین شوێنی سەربازیی لێیە، کە لەلایەن ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج، هەر بەم بۆنەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێک لە زیندانیانی ئەو زیندانە لە ترسی گیانی خۆیان دەستیان کرد بە ناڕەزایەتی‌دەربڕین و خوازیاری ئەوە بوون بگوازرێنەوە بۆ شوێنێکی ئەمن و پارێزراو، بەڵام هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی وڵامی ئەم ناڕەزایەتییە ڕەوایەیان بە فیشەک دایەوە و چەندین کەس لەو بەندییانەیان لە بێدەنگیی میدیاییدا کوشت و بریندار کرد.

لە زیندانی "ئێڤین"ـی تارانیش چەندین کەس لەو بەندییانە بە نامە خەڵکیان لەو دۆخە پڕمەترسییەی کە تێیدان ئاگادار کردەوە و جەختیان لەسەر ئەوەش کردبووەوە کە بەرپرسانی زیندان هیچ خەمێکیان لێ ناخۆن و ئامادە نین لە پێناو پاراستنی گیانیاندا هەوڵێک بدەن. لە زیندانی شاری سەقزیش کە لە پادگانی ئەو شارەوە نزیکە، هەندێک لە زیندانییەکان ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو، بەڵام هێزی سەرکوتیان لەنێو زیندان و دەوروبەریدا جێگیر کردبوو.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەوەندەش ڕازی نەبووە و هەر لەم ماوەیەدا دەیان کەسی لەژێر ناوی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەسبەسەر کردوە و دۆخێکی ئەمنیی بەسەر خەڵکی ئەو وڵاتەدا سەپاندوە. بەپێی زانیارییەکان لە حەوتووی یەکەمی ئەو شەڕەدا لانیکەم ٣٢٢ کەس لە شارە جیاوازەکانی ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون، بێگومان ئەم ئامارە ناتوانێ دەرخەری هەموو ڕاستییەکان بێ و بەدڵنیایییەوە کەسانێکی زۆرتریش هەر لەم ماوەیەدا گیراون. بە سەرنجدان بەو تۆمەتە بێ‌بنەمایانەی وا دراونەتە پاڵ ئەم کەسانە کەوا بریتین لە: "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل"، "وێنەگرتن لە شوێنی هەستیار"، "شێواندنی بیروڕای گشتی"، "بڵاوکردنەوەی ترس"، "پاڵپشتیی میدیایی لە ئیسرائیل"، "پێوەندی لەگەڵ مووساد" و "سیخوڕی" زیاتر بۆمان دەردەکەوێ کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ قەڵسە بە خەڵک بگێڕێ.

لەگەڵ ئەوەدا کە بەلێشاو دەستی کردووە بە خەڵک گرتن، لە هەوڵێکی کەموێنەشدا دەبیرخانەی شۆرای عالیی ئەمنیەتی میللی ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردووەتەوە کە لەودا داوا لە خەڵک دەکات ئەو کەسانەی وا بە وتەی ئەو "فریوی ڕێژیمی سەهیۆنییان خواردووە" بگەڕێنەوە و خۆیان بناسێنن با بکەونە بەر لێبوردەییی ئیسلامی! ئەمە نیشان لەوەیە کۆماری ئیسلامی خۆی بۆ قۆناغێکی نوێ لە گرتن و ئەشکەنجە و ئێعدامی بەکۆمەڵ ئامادە کردوە و لە ڕاستیدا وەک ڕابردوو دەیهەوێ تۆڵەی شکستە نیزامییەکانی لە خەڵک بکاتەوە؛ پێشتریش عەلی خامنەیی وتبووی خوای ئێستاش هەمان خوای دەیەی شەستە!

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی چوارشەممەی حەوتووی ڕابردوو، "ئانتۆنیۆ گۆتێرێش"، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دیمەنێکی ترسناکی لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا خستە بەرچاو. لەو ڕاپۆرتەدا کە لە شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری "ژنێڤ" پێشکەش کرا، باس لەوە کرابوو کۆماری ئیسلامی لە بەفرانباری ١٤٠٢ەوە هەتا بەفرانباری ساڵی ١٤٠٣ – کە شەڕێکی ڕاستەوخۆش لەو ماوەیەدا لە ئارادا نەبوو - ٩٧٥ کەسی لە سێدارە داوە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کۆماری ئیسلامی لەو ماوەیەدا جگە لە ڕێژەی بەرچاوی ئێعدام، بە گرتنی سەرەڕۆیانە، ئەشکەنجە، سەرکوتی ئازادیی ڕادەربڕین و هەروەها سەرکوتی کەمینەکان، کارنامەیەکی ڕەشی لە بواری مافی مرۆڤدا بۆ خۆی تۆمار کردوە. ئێستا کە شەڕێک هاتووەتە ئاراوە ئەگەر بێ و کۆماری ئیسلامی لەم شەڕە دەربازی بێت و نەبێتە هۆی ڕووخانی، چاوەڕوان دەکرێ دۆخێکی ئەمنیتر بەسەر خەڵکدا بسەپێنێ و تۆڵەی ئەم شکستانەی لە خەڵک بکاتەوە.