
هاوکات لەگەڵ زۆربوونەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە و شەڕی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی، دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستانیش لەوانە لە مەهاباد پەرەی سەندووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٣١ی جۆزەردان، سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی کۆسەکەرێزی مەهاباد بە ناوەکانی ئومید ڕەش، ئەسعەد ڕەسووڵزادە و نوورەدین دودکانلوو میلان، لەلایەن هێزە سەرکەتکەرەکانەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردان هاووڵاتییەکی تر بە ناوی کەیوان مامەگوڵی خەڵکی گوێگتەپەی مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان پووریا نەسیری هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد و خوێندکاری قۆناغی کارناسیی ماف لە زانکۆی ئازادی ئەم شارە دەسبەسەر کراوە.
کوردپا ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی پێنجشەممە، دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی مێهران خەدیریپوور و سرووش یووسفزادە هەر دوویان خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
هێزەکانی ڕێژیم بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییانەیان دەسبەسەر کردوون و تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم کەسانە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.