کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی هێرانا لەسەر دۆخی شەڕ لە ئێران

17:59 - 31 جۆزەردان 2725

هەواڵدەریی هێرانا دوایین ڕاپۆرتی خۆی لەسەر شەڕی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژی هەینی ٣٠ی جۆزەردان بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە هەتا ئێستا هێرشەکانی ئیسرائیل ٢٥ی پارێزگای ئێرانی گرتووەتەوە و لە ماوەی ٨ ڕۆژ شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا ٧٢٢ کەس کوژراون و ٢ هەزار و ٥٤٦ کەسیش بریندار بوون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل، ژێرخانەکان، دامەزراوە نیزامی و مەدەنییەکان، ناوچەکانی نیشتەجێبوون و ئامانجە پیشەسازییەکانی لە چەندین شوێنی جیاجیای ئێران کردووەتە ئامانج.

هێرانا وتوویەتی لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تا ئێستا بە سەدان کەسی مەدەنی و نیزامی کوژراون یان بریندار بوون. دیاریکردنی نیزامی یان مەدەنی‌بوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کوژراون و برینداربووان کە لەم ڕاپۆرتەدا باس کراون، هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

ئەو هەاڵدەرییە بڵاوی کردووەتە لە ماوەی ٨ ڕۆژ شەری نێوان ئەو دوو وڵاتەدا ٧٢٢ کەس کوژراون و ٢ هەزار و ٥٤٦ کەسیش بریندار بوون.

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم ڕایگەیاند، لە سەرەتای شەڕی نیزامیی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە تا ئێستا زیاتر لە ٣ هەزار کەس بریندار بوون.

ئەو وەزارەتە هیچ لێدوانێکی لەبارەی ژمارەی کوژراوان کە چەندەیان نیزامی یان مەدەنین نەداوە.

‌هێرانا باسی لە دەسبەسەرکردنەکان کرد کە لە ماوەی ٨ ڕۆژی ڕابردوودا ٢٣٦ هاووڵاتیی ئێرانی بەهۆی چالاکییەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆک سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەسبەسەر کراون.

هێرانا لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا باسی لە پچڕان و سنوورداربوونی بەرچاوی ئینتێرنێت لە سەرتاسەری ئێران کرد کە لەو ماوەیەدا کاریگەریی زۆری لەسەر دۆخی ژیانی خەڵک هەبووە.