
ئەرتەشی ئیسرائیل بەیانی ئەمڕۆ شەممە ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە "بێهنام شەهریاری" فەرماندەی یەکەی ١٩٠ی سپای قودسیان لە ڕۆژاوای ئێران کردووەتە ئامانج و کوژراوە.
زۆربەی ئەو هێرشانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا کراونەتە سەر ئیسرائیل، بەو چەکانە کراون کە شەهریاری بۆ گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی دابین کردووە.
شەهریاری بە یەکێک لە مۆرە گرینگەکانی سپای قودس لە بەشی لۆجستیکی و بواری دارایی و دابینکردنی چەکوچۆڵ بۆ گرووپە نیابەتییەکان ئەژمار دەکرا.
لەو بەیاننامەیەدا هەروەها هاتووە کە شەهریاری ساڵانە بە کەڵکوەرگرتن لە شیرکەتی دروستکراو و سەڕافی و لە ڕێگای قاچاخەوە لە وڵاتانی تورکیە و لوبنان، سەدان میلیۆن دۆلاری بە گرووپە نیابەتییەکان دەگەیاند و ڕۆڵێکی گرینگی لە بەهێزکردنی بەشی لۆجستێکی ئەو گرووپانەدا هەبووە.
ئەرتەشی ئیسرائیل کوژرانی شەهریاریی بە لێکەوتنی زەبرێکی بەژان لە توانایی دارایی گرووپە نیابەتییەکانی ڕێژیمی ئێران داناوە و هەروەها وتوویەتی کە نەمانی ئەو، کاریگەریی لەسەر توانایی دارایی ئەو گرووپانە دەبێت.
کوشتنی شەهریاری بەدوای ئەو هێرشە ئامانجدارانەدا دێت کە ئیسرائیل دژ بە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران، هێزی پەهپادی و بنکە ناوکییەکانی ڕێژیم لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەنجامی دا کە لە ئێستادا هەر دێت و هێرشەکان بۆ سەرانسەری ئێران بەربڵاوتر دەبنەوە.