
ڕۆژی هەینی ٣٠ی جۆزردانی ١٤٠٤، کاک مەحیەدین بەرشان ناسراو بە مەحیەدین گوێڕەش لە شاری پیرانشار کۆچی دوایی کرد.
کاک مەحیەین دوای ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەوی و ئاشکرابوونی تێکۆشان و چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر لە سەرەتاوە بوو بە پێشمەرگە و لە شۆڕشی گەلانی ئێراندا نەخشێکی بەرچاوی لە هاندانی خەڵکی پیرانشار و نەغەدە و شنۆ و مەهاباد هەبوو.
ناوبراو کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و خۆشەویستی پێشمەرگە و خەڵک و ناوچەکانی پیرانشار بوو.
برایەکی ناوبراو بە ناوی عەلی گوێڕەش لە ساڵەکانی ٤٦ بۆ ٤٧ پێشمەرگەی حیزب بوو و شەهید بووە.
کاک مەحیەدین وەک فەرماندەیەکی قارەمان و بەئەزموون لە هێزی ئاوارە نەخشێکی بەهێزی لە ناوچەکانی لاجان، بەربنە، پیرانان و نەڵێن و گەدە و ناوشاری پیرانشار بەتایبەتی لە ڕێگای سەردەشت پیرانشار هەبوو.
کاک مەحیەدین تاکوو پاییزی ساڵی ١٣٦٣ لە هەموو ئەرکە حیزبییەکاندا چالاکانە و فیداکارانە بەشدار بوو.
لە پاییزی ١٣٦٣دا بە هۆی خراپیی دۆخی بژیوی بنەماڵەکەی و تەمەنەوە لەلایەن حیزبەوە ئیزنی پێ درا کە بچێتەوە نێوخۆ.
ناوبراو هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی دێموکرات مایەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.