کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێت بلاکس: ئێران بە پچڕانی ئینتێرنێت گیانی هاووڵاتییانی خستووەتە ژێڕ مەترسییەوە

18:07 - 31 جۆزەردان 2725

ڕێکخراوی چاوەدێریی ئینتێرنێت، باس لە کارابوونەوەی ئینتێرنیتی جیهانی لە ئێران پاش پچڕانی ٦٢ کاتژمێری دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێت بلاکس، ئینتێرنێتی جیهانی پاش ٦٢ کاتژمێر پچڕانی بەربڵاو، بەشێوەیەکی لاواز و بەش بەش، کارا بووەتەوە.
بەرپرسانی ڕێژیم لە ڕۆژی چوارشەممەی حەفتەی ڕابردووەوە، ئینتێرنیتی خەڵکی ئێرانیان لە دۆخی هەستیاری شەڕدا پچڕاند و گیانی خەڵکیان بەتەواوەتی خستە ژێر مەترسییەوە.
پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێران لەکاتێکدا بوو کە ئەرتەشی ئیسرائیل پێش ئەنجامی هێرشەکانی بۆ پاراستنی گیانی خەڵکی ئێران، ڕاگەیەندراوی بەپەلەی دەر دەکرد تاکوو خەڵک ئەو شوێنە مەترسیدارانەی کە ئەگەری بوردومانیان هەیە بەجێ بهێڵن، بەڵام کۆماری ئیسلامی بە پچڕانی ئینتێرنێتی هاووڵاتییان ڕێگەی نەدەدا کە خەڵک ئاگاداری ڕاگەیەندراوەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل ببنەوە.
هەروەها، پچڕانی ئینتێرنێت کاروباری فریاکەوتنی بەتەواوەتی تووشی کێشە کردووە، بە شێوەیەک کە هیچ هاوئاهەنگییەک لە نێوان لایەنەکانی فریاکەوتن لە دۆخی شەڕدا نەماوە.
ڕێژیمی ئیسلامی لە ترسی بڵاوبوونەوەی زانیارییە ڕاستەکان و ئاشکرابوونی شکستە ئیتلاعاتی و سەربازییەکانی لە بەرامبەر ئیسرائیل و هەروەها بۆ ڕاگرتنی ورەی لایەنگرانی خۆی، ئینتێرنێتی بۆ خەڵکی ئێران لە ماوەی ٦٢ کاتژمێردا بە تەواوەتی پچڕاند.
بەپێی ڕاپۆرتی نیت بلاکس دۆخی ئینتێرنێت لە ئێران هێشتا ناسەقامگیرە و تەنیا بە شێوەیەکی لاواز و لە چەند ناوچەیەکدا کارا کراوەتەوە.