کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‎كۆچی دوایی هاوسەری شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە سەردەشت

11:17 - 14 جۆزەردان 2725

ڕۆژی دووشەممە ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٤، نوسرەت محەممەدزادە، خەڵکی بناوێڵەی كوردان بە هۆی نەخۆشییەوە، لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا، كۆچی دوایی كرد.

نوسرەت خانم هاوسەری شەهید مام خدری سەعدوونییە کە لە ساڵی ٦٤ی هەتاویدا شەهید بووە.

مام خدر پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە کە لە ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی لە بناوێڵەی كوردان لە دایک بووە. ناوبراو لە ساڵی ٦٤ی هەتاویدا و لە ڕووداوێکدا لە شوێنێک بە ناوی گۆمان شەهید بووە.

‎مام خدر بە شێوەی چالاکانە بەشداریی لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٣٥٧دا کردووە و لە دەستبەسەرداگرتنی پاسگای دارساوێن بەشدار بووە.

‎دوای ڕاگەیاندنی تێكۆشانی ئاشكرای حیزبی دێموكراتی كوردستان و دامەزراندنی بنكە و بارەگاكانی حیزب لە شار و گوندەكانی كوردستان، مام خدر وێڕای شەهید حەسەنی برازای، لە ڕیزەكانی حیزبی دێموكراتدا، چەكی پێشمەرگایەتیان كردە شان و درێژەیان بە خەبات و تێكۆشان دا.

‎ناوبراو لە زۆربەی شەڕەكانی ڕەبەت و جاددەی بانە بۆ سەردەشت بەشداریی كردووە و لە شەڕە بەناوبانگەكەی دارساوێندا چالاكانە بەشدار بووە.

مام خدر لە شەڕ و دەرگیرییەكانی ناوچەی ڕەبەت لەگەڵ هێزەكانی دوژمن، چەند جارێک بە سووكی بریندار بووە، بەڵام درێژەی بە خەبات داوە .

‎نوسرەت خانم لە ساڵی ٥٨‌ـەوە سەرپەرستیی بنەماڵە و منداڵەكانی لە ئەستۆ گرت و لەپێناوی پێگەیاندنی منداڵەكانیدا، زۆر ماندوو بوو.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.