
ڕەشبگیریی هاووڵاتییان لەلایەن ڕێژیمەوە بە بیانوو و تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ ئیسرائیل بۆ داپۆشینی لاوازییەکانی بەردەوامە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان لە نێوخۆی ئێرانەوە، دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم پاش لاوازبوون لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل، بۆ جارێکی دیکە دەستیان کردووەتە سەرکوتی بەربڵاوی خەڵکی ئێران و تاکوو ئێستا سەدان کەسیان بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەسبەسەر کردووە.
بەپێی دوایین زانیارییەکان لە زاری سەرچاوەکانی ڕێژیمەوە، تاکوو ئیستا ٢٢ کەس بە تۆمەتەکانی وەک سیخوڕیکردن، ئاڵۆزکردنی بیروڕای گشتی و لایەنگری لە ئیسرائیل لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە پارێزگای قوم، دەسبەسەر کراون.
بەرپرسی پۆلیسی پارێزگای قوم ڕایگەیاندووە کە تاکوو ڕۆژی یەکشەممە ١ی پووشپەڕ، بە وتەی خۆی "کات دیاری کراوە بۆ سیخوڕەکانی ئیسرائیل"، کە خۆیان ڕادەست بکەن.
جیا لە پارێزگای قوم زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە تاکوو ئێستا ٢٤ کەس لە تاران، ٥٤ کەس لە ئەهواز و سەدان کەسی دیکەش لە شارە جیاجیاکانی ئێران بە تۆمەتگەلی ئاماژەپێکراو، دەسبەسەر کراون یان ڕفێندراون.
ناوەندە مافی مرۆڤییەکان تاکوو ئێستا دەسبەسەرکرانی ٢٢٣ کەسیان لەم پێوەندییەدا پشتڕاست کردووەتەوە کە وێدەچێت ئامارەکە زۆر لەم ڕێژەیە زیاتر بێت.
هەروەها ڕێژیم لە درێژەی تاوانەکانی بەدژی خەڵک، بۆ جارێکی دیکە دەستی کردووە بە سەرکوت و سێدارە لە کاتی قەیراندا و لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەیان کەسی بەتۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ مووساد، لە سێدارە داوە.