کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەرەکانی بەڕێوەنەچوونی خولی شەشەمی دانیشتنەکان لەژێر سێبەری ناکۆکییەکان/ تاران: پێشنیارەکەی واشینگتۆن زێدەخوازانەیە

11:48 - 14 جۆزەردان 2725

هاوکات لەگەڵ ناکۆکییەکانی تاران و واشینگتۆن لەسەر بابەتی پیتاندنی ئورانیۆم لەنێو خاکی ئێراندا، کاناڵی "سی ئێن ئێن" باسی لە ئەگەرەکانی گەیشتن بە بنبەست و بەڕێوەنەچوونی خولی شەشەمی وتووێژەکان کردووە.

کاناڵی سی ئێن ئێن، لە ڕاپۆرتێکی نوێدا پەرژاوەتە سەر ئاکامی وتووێژە ناوکییەکان پاش ڕادەستکردنی پێشنیارەکەی ئەمریکا و ڕایگەیاندووە، تاران لەسەر ئەو بڕوایەیە کە پێشنیارەکەی واشینگتۆن، ناپەیوەست، پەرتەوازە، زێدەخواز و دوور لە ڕاستییە.

ئەم سەرچاوە لە زاری بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامییەوە نووسیویەتی: "ئەوەی کە لایەنی ئەمریکایی بەردەوام هەڵوێستی خۆیان لەهەمبەر کێشەکان گۆڕیوە، تاکوو ئێستە سەرەکیترین بەربەست بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بووە".

ڕاپۆرتەکە لە زاری ئەم بەرپرسەوە هێناویەتی کە دەقی پێشنیارەکەی ئەمریکا بە پێچەوانەی دەستکەوتەکانی خولی پێنجەمی وتووێژەکان بووە و لە ئێستادا دۆخەکەی لە هەموو کاتێکی دیکە ئەستەمتر کردووەتەوە.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، پاش ڕادەستکردنی پێشنیارەکە، لە هەژماری ترووس سۆشیاڵی خۆیدا نووسی: "پێنووسی واژۆ، دەبوایە زۆر پێش ئێستا، پیتاندنی ئورانیۆم لە ئێرانی ڕابگرتایە و ئێمە ڕێگە نادەین هیچ چەشنە پیتاندنێک ئەنجام بدرێت".

هاوکات لەگەڵ ڕادەستکردنی پێشنیارەکەی ئەمریکا، کۆمەڵێک لە سەرچاوە ڕۆژاواییەکان باسیان لەوە کردووە کە واشینگتۆن پێشنیاری ئەوەی کردووە کە هاوپەیمانییەک بە بەشداریی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە، بۆ بەرهەمهێنانی ئورانیۆمی پیتێندراو لە ئاستی نزمدا پێک بهێندرێت.

کۆماری ئیسلامی بیرۆکەی پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییەی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک لە پیتاندنی ئورانیۆم لە نێو خاکی ئێراندا، پاشەکشێ ناکات.

 

بە وتەی حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، پێشنیاری وەها هاوپەیمانییەک، لە پێش هاتنەسەرکاری مەحموود ئەحمەدینژاد، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران، لەلایەن وڵاتانی ئورووپاییەوە بە ئێران دراوە، بەڵام ئەم پێشنیارە لەلایەن دەوڵەتی ئەو کاتی ئێرانەوە ڕەت کراوەتەوە.

ڕۆحانی زیادی کردووە کە بڕیار وەها بوو چوار وڵاتی هێند، برێزیل، ئەلجەزایر و ئەفریقای باشوور بە هاوپەیمانیی یەکتر و لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا لەنێو خاکی ئێراندا پیتاندنی ئورانیۆم ئەنجام بدەن.

وێدەچێت لە ئێستادا و پاش ٢٠ ساڵ لەم بابەتە و تێچوویەکی یەکجار قورس کە تەنیا خەڵکی ئێران باجەکەیان دا، کۆماری ئیسلامی بچێتە ژێر هەموو داواکارییەکانی ڕۆژاوا لە پێوەندیی لەگەڵ بەرنامە ناوکییەکانی.