کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران

10:10 - 1 پووشپەڕ 2725

ئانتۆنیۆ گۆترێش سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاردانەوە بە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ڕایگەیاند ئەو کردەوەیە زۆربوونەوەی مەترسیدارانەی گرژییەکانە و ئێستا ئەگەری ئەوەی زیاد کردووە دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵ دەربچێت و بچێتە ناو ململانێکی زۆرەوە کە دەکرێت بۆ خەڵکی مەدەنی، هەروەها بۆ ناوچەکە و جیهان کارەساتبار بێت.

گۆتێرێش لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "لەم ساتەوەختە گرینگەدا، دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی قەیرانەکان زۆر گرینگە، هیچ چارەسەرێکی نیزامی نییە، تاکە ڕێگە دیپلۆماسییە کە بۆ گەیشتن بە ئاشتی تەنیا هیوایە".

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەمریکا بە ٦ بۆمبی سەنگەرشکێن، دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆی بۆردومان کردووە. ئەمریکا لە هێرشەکەی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و نەتەنز و ئێسفەهان ٣٠ مووشەکی تۆماهۆکی بەکار هێناوە.

دۆناڵد ترامپ، بە ''فاکس نیووز''ی ڕاگەیاند، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەتەواوی لەنێو چوون. ناوبراو هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ئێسفەهان، نەتەنز و فۆردۆی بە "لێدانی ورد" وەسف کرد و وتی ئامانج لێی لەنێوبردنی توانای پیتاندنی ئۆرانیۆمی ئێران و ڕاگرتنی هەڕەشە ئەتۆمییەکەیە.