کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی ئەندامانی کۆنگرەی ئامریکا بە لێدانی بنکە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران

10:19 - 1 پووشپەڕ 2725

زۆربەی داڕێژەرانی یاسا و ئەندامانی کۆنگرەی ئامریکا سەبارەت بە هێرشی ئامریکا بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران کاردانەوەیان نیشان دا و ئەو هێرشەیان بەجێ وەسف کردووە.

سێناتۆر "جان تون" لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: ڕێژیمی ئێران ساڵەهایە کە ئامانجی لەناوبردنی ئامریکا و ئیسرائیلی گرتووەتە بەر و لەمێژ ساڵە پرسی ئاشتی ڕەت دەکاتەوە، بۆیە نابێ بهێڵدرێ دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگا و هێرشی ئەوشەویش لە ڕاستای لەناوبردنی توانایی ئەتۆمی ئێران بووە".

هەروەها سێناتۆر "لێندزی گراهام" نووسیویەتی: هێرش بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ڕێژیم بڕیارێکی دروست و بەجێ بووە و ڕێژیمی ئێران شایستەی ئەو شێوە سزایه بوو".

سێناتۆر "جان کاتێن" نووسیویەتی: ڕێژیمی ئێران لە سەرەتاوە دژی ئامریکا ماشێنی تێرۆی وەڕێ خستووە، چیدیکە ڕێگا نادەین دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگا. ناوبراو هەروەها دەڵێ سەرۆککۆماری ئامریکا بڕیارێکی بەجێی داوە و پێویستە ڕێژیمی ئێران ئاگادار بێت کە هەڕەشە لە ئامریکا نەکات".

سێناتۆر "راجێر ویکێر" نووسیویەتی: ئامریکا بەو هێرشە، مەترسییەکی گەورەی ڕێژیمی ئێرانی لەناو برد.

هەروەها "مایک جانسون" سەرۆکی پارلەمانی ئامریکا ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترامپ بڕیارێکی دروستی سەبارەت بە هێرش بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران داوە، چونکە پێویست بوو گەورەترین حکوومەتی لایەنگری تێرۆر لە جیهاندا ئاوا سزا بدرێت. ناوبراو هەروەها دەڵێ ئامریکا مەجالی زۆری دا بە ڕێژیمی ئێران تا دەست لە پیتاندنی ئۆرانیۆم هەڵبگرێ بەڵام ڕێژیم نەیکرد، بۆیە پێویست بوو بڕیارێکی یەکلاکەرەوە سەبارەت بەو بنکە ناوکییانەی بگیرێتە بەر.