
میلیشیا حوسییەکانی یەمەن ڕایانگەیاندووە ئەگەر ئەمریکا بەشداری لە شەڕی ئیسرائیل لە دژی ئێرانی هاوپەیمانیان بکات، لە دەریای سوور هێرش دەکەنە سەر کەشتی و ناوگانەکانی ئەمریکا.
یەحیا سەریع، وتەبێژی نیزامیی میلیشیاکانی حووسی ڕۆژی شەممە ٣١ی جۆزەردان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند: ''ئەگەر ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل هێرش و دەستدرێژی بکاتە سەر ئێران، ئەوە هێزە چەکدارەکانی حوسییەکان کەشتی و ناوگانە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دەریای سوور دەکاتە ئامانج.
ئەمە لەحاڵێکدایە کە لە سەرەتای مانگی مەی و دوابەدوای وێرانکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا لەلایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە، حوسییەکان و دەوڵەتی ئەمریکا گەیشتنە ڕێککەوتن کە ئەو گرووپە دەست لە هێرشکردنە سەر کەشتییە ئەمریکییەکان لە دەریای سوور هەڵبگرێت و ئەرتەشی ئەمریکاش کۆتایی بە بۆردومانکردنی پێگەکانی حوسییەکان بهێنێت.