
بەرپرسێکی باڵای ڕێژیم بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی هیچ وتووێژێک سەبارەت بە بەرنامە مووشەکییەکانی ئەنجام نادات و هەوڵەکانیش بۆ دەسڕاگەیشتن بە پیتاندنی ئورانیۆم، بێ سوودە.
بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی ئەلعەرەبییە، ئەم بەرپرسەی تاران کە ناوی لەلایەن ڕۆیتێرزەوە ئاشکرا نەکراوە بە ئاماژەدان بە هێڵە سوورەکانی کۆماری ئیسلامی وتوویەتی: "بەرنامەکانی ئیران لە بواری بەرگریدا وەک توانای مووشەکی و هەروەها ڕێگریکردن لە پیتاندنی ئورانیۆم لەنێو ئێراندا، بە هیچ شێوەیەک وتووێژی لەسەر ناکریت و هەوڵەکانیش بۆ ئەم مەبەستە بێ سوودن".
ئەم بەرپرسە زیادیشی کردووە کە تاران دەیهەوێت لە ڕێگەی وتووێژ و دیپلۆماسییەوە کێشەکان چارەسەر بکات بەڵام بە مەرجێک کە شەڕ بەردەوام نەبێت و هەڕەشەی لەسەر نەبێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئاڵمان، بریتانیا و فەرانسە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێک چاوپێکەوتنی هەبوو.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکۆماری ئەمریکا، ڕۆژی ڕابردوو ٣٠ی جۆزەردان، ڕایگەیاندبوو کە ئورووپا ناتوانێت تا ڕادەیەکی بەرچاو یارمەتیدەری کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران بێت.