کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری ڕێفۆرمخوازەکان بۆ سەر خامنەیی بۆ ڕاگرتنی پیتاندنی ئورانیۆم

11:50 - 1 پووشپەڕ 2725

لەگەڵ درێژەی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، کەسایەتییە دیارە ڕێفۆرمخوازەکانی ڕێژیم خوازیاری کشانەوە لە بەرنامەی پیتاندنی ئورانیۆم بۆ پێشگرتن لە پەرەسەندنی قەیرانەکان و پاراستنی داهاتووی کۆماری ئیسلامی بوون.

بەشێک لە سیاسەتمەدارانی میانەڕەو لە ئێران لەوانە محەممەد خاتەمی سەرۆککۆماری پێشووی ئێران و محەممەدجەواد زەریف وەزیری پێشووی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە هەوڵی ئەوەدان عەلی خامنەیی ڕازی بکەن بۆ ئەوەی داواکاریی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی پیتاندنی ئۆرانیۆم قەبووڵ بکات.

بەپێی هەواڵدەریی (dpa)ی ئاڵمانی، ئەم کەسانە لە هەوڵدان نامەیەک بۆ خامنەیی بنێرن، کە ئامانجیان لەو کارە ''گەرەنتیکردنی داهاتووی کۆماری ئیسلامی و گەڕاندنەوەی ئاشتی'' وەسف کردووە.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر هەواڵدەریی ''تەسنیم'' سەر بە سپای پاسداران، لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی "هەناسەدانی دەستکردی نێتانیاهوو بە توخمە گوماناوییەکانی نێوخۆ" ئیدیعای کرد کە چەند توخمێکی باڵا و گوماناوی لە هەوڵی ئەوەدان دژی "یەکگرتوویی نەتەوەیی" پلان دابنێن.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم کەسانە لە هەوڵی ئەوەدان بەشێک لە زانایانی ئایینیی قوم بخەنە بەردەم خەڵک بۆ ئەوەی بانگەوازی گشتی بۆ تەسلیمبوون و سازان لەگەڵ ئیسرائیل دەر بکەن و بەرپرسێکی پێشووی کۆماری ئیسلامی وەک کەسایەتیی سەمبولیکی ئەم ڕەوتە بخەنە ڕوو.

ڕێفۆرمخوازەکان کە دەیانەوێت پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی بپارێزن و گۆڕانکاری لە چوارچێوەی هەنووکەدا بکەن، دانوستان لەگەڵ ڕۆژاوا بە چارەسەری قەیرانی ئێستا دەزانن. محەمەدجەواد زەریف کە دە ساڵ لەمەوبەر یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی دانوستانەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بوو، ئێستا جەخت لەسەر چارەسەری دیپلۆماتیک دەکاتەوە.

لە بەرامبەردا بناژۆخوازەکان و توندڕەوەکان کە لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا لایەنی باڵادەستن، لە پێداگری لەسەر هەڵوێستەکانی پێشوویان بەردەوامن و وەستاندنی پیتاندنی ئورانیۆم بە هێڵی سوور دەزانن.