کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عێراقچی: هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکان پێشێلکردنی پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکانە

12:18 - 1 پووشپەڕ 2725

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوە بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی فۆردۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا نووسیویەتی: ئەمریکا بە هێرشکردنە سەر دامەزراوەی ئاشتیخوازانەی ناوکیی ئێران، بە ئاشکرا پەیمانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی نێونەتەوەیی و پەیمانی پێشگرتن لە پەرەسەندنی چەکە ناوکییەکان(ئێن پی تی)ی پێشێل کرد.

ناوبراو وتی: بەپێی پەیمانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەندەکانی کە ئیزنی وڵامدانەوەی ڕەوا لە چوارچێوەی مافی بەرگری لە خۆ دەدەن، ئێران هەموو بژاردەکان بۆ بەرگری لە سەروەری، بەرژەوەندی و خەڵکی خۆی هەیە.

ترامپ دوابەدوای هێرشی وڵاتەکەی بۆ سەر دامەزراوەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئێسفەهان ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکە زۆر ورد بوو.

ترامپ لەمبارەوە وتوویەتی ئەم سێ شوێنە شوێنی جێبەجێکردنی بەرنامەگەلی شاراوە و مەترسیدار بوون کە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی جیهانی بوون و جەختی کردەوە کە ئێستا ئیدی ڕاگیراون.

ترامپ ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ئێران هاوکاری نەکات، هێرشەکانی دواتر زۆر توندتر و ئاسانتر بێت.