
وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر شوێنە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامیی بە پێشێلکارییەکی گەورە و بێوێنەی بنەڕەتیترین بنەماکانی جارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێساکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناو برد و ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ئەمریکای بە "هۆکار و بەرپرسیاری دەرئەنجامە زۆر مەترسیدارەکان"ی ئەم کردەوەیە دەزانێت.
لە بەیاننامەیەدا ئەو هێرشانە بە پێشێلکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەت وەسف کراوە، کە بە شێوەیەکی فەرمی ڕێککەوتنی ناوکیی ئێرانی لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان لە مانگی پووشپەڕی ١٣٩٤دا پشتڕاست و پشتیوانی کرد.
لەم بەیاننامەیەدا وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران داوای لە شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە دانیشتنێک ڕێک بخات و هێرشەکانی ئەمریکا مەحکووم بکات و لەهەمبەر پێشێلکردنی گەورەیی بنەما و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان لێپرسینەوە لەو وڵاتە بکات.
تاران هەروەها لە کاردانەوە بە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران خوازیاری کۆبوونەوەی بەپەلەی شۆرای حوکامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی بوو کە بەرپرسیارێتی یاسایی خۆی جێبەجێ بکات.
ئەمە لەحاڵێکدایە کە شۆرای حوکامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی، لە ٢٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٤، بە زۆرینەی دەنگ بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد و بە فەرمی ڕایگەیاند کە تاران بە بەڵێنەکانی لە بواری پەرەسەندنی پیتاندنی ئورانیۆم پێبەند نەبووە.