کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەکان لە زیندانی قزڵحەسار/ لە یەک ڕۆژدا شەش کەس لە سێدارە دران

11:52 - 14 جۆزەردان 2725

تەنها لە ڕۆژی دووشەممە ١٢ی جۆزەردان ژمارەی ئەو کەسانەی لە زیندانی قەزڵحساری کەرەج لە سێدارە دراون گەیشتە شەش کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی "هێرانا”، بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە سێ زیندانی بە تۆمەتی کوشتن لە زیندانی قزڵحەسار لەسێدارە دران.

ئەم سێ لەسێدارەدانە لە کاتێکدا ڕوویان داوە کە پێشتر هێرانا لە هەمان ڕۆژدا لەسێدارەدانی سێ بەندکراوەی دیکەی ڕاگەیاندبوو.

ناسنامەی دوو کەس کە بە تۆمەتی ماددە هۆشبەرەکان لە سێدارە درابوون بە ناوەکانی عەلی کەرەمی نەسر و عەلیڕەزا شەهبازی ڕاگەیەندراوە کە هەردووکیان خەڵکی شاری کۆیەشتن.

شایانی ئاماژەیە هەندێک سەرچاوەی نافەرمی بڵاویان کردووەتەوە کە ڕێژەی لەسێدارەدراوەکانی ڕۆژی دووشەممە لە ٦ کەس زیاترە و ٩ کەس ڕاگەیەندراوە، بەڵام هێشتا لەسەر ناسنامە و تۆمەتی پێوەندیدار هیچ زانیارییەکی ڕوون و فەرمی لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، ساڵی ٢٠٢٤دا زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لەنێو زیندانەکانی ئێراندا لە زیندانی قزڵحەسار ڕووی داوە و لانیکەم ١٥٠ کەس لەو زیندانە لە سێدارە دراون.

ئەم ئامارە مەترسیدارە نزیکەی دوو هێندەی ژمارەی لەسێدارەدانەکانی ساڵی ڕابردووی ئەو زیندانەیە.

زیادبوونی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە زیندانی قزڵحەسار و زیندانەکانی دیکەی ڕێژیم نیشانەی چڕبوونەوەی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە، هەروەها لە لایەکی دیکەوە بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە کەمینەکان و نەتەوەکانی دیکە لە نێوان ئەوانەی کە لە سێدارە دەدرێن لە ئێراندا ڕەهەندێکی سیستماتیکی ئەم سەرکوتکردنانە ئاشکرا دەکات.

 

هێژای باسە زۆربەی هەرە زۆری ئەم سزایانە لە پرۆسە و دادگاییکردنێکی زۆر نادادپەروەرانەدا تێپەڕ دەبن، و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، بەتایبەتی لە دۆسییەکانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە، بەبێ دەستڕاگەیشتنێکی گونجاو بە پارێزەری سەربەخۆ و بە دانپێدانانی زۆرەملێ ئەنجام دراوە، کە هەمیشە لەلایەن دەزگا نێودەوڵەتییەکانەوە ڕەخنەی لێ گیراوە.