
عه‌بدوڵلا حه‌سه‌ن‌زاده: کاتی هاتوه کورده‌كانی ئێران یه‌ك بگرن
له وتووێژێکی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ پێگه‌ی ئینترنێتیی "اخبارکم، اخبارنا" سه‌باره‌ت به خه‌ست بوونه‌وه‌ی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی نێوان ئیسرائیل و ئیران و په‌ره‌گرتنی گرژییه‌كان بۆ شه‌ڕێک که ده‌توانێ باڵانسی هێز له ناوچه‌که‌دا بگۆڕێ، عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن‌زاده سکرتێری گشتیی پێشووتری حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و بیرمه‌ند و نووسه‌ری کورد داوا ده‌کا به‌ره‌یه‌کی سیاسیی یه‌كگرتوو بۆ کۆکردنه‌وه‌ی حیزبە سیاسییه کوردییه‌کانی ئێران پێک بێ.
مامۆستا حه‌سه‌ن‌زاده رایگه‌یاند: "ئێمه ئێستا له ده‌مه‌ساتێکی سیاسیی یه‌کجار هه‌ستیارداین. قابیلی قبووڵ نیه که کورده‌كانی ئێران له وه‌ها کاتێکدا له‌ڕووی سیاسی و رێكخراوه‌یی‌یه‌وه په‌رش و بڵاو بن له‌کاتێکدا که ئێران چۆته نێو تونێلێکی تاریکه‌وه، هه‌م له ئاستی نێوخۆیی و هه‌م له ئاستی ناوچه‌دا. پێویسته هێزه کوردییه‌کان له چوارچێوه‌ی به‌ره‌یه‌کی سیاسی به پرۆگرامێكی واقعبینانه و کورت مه‌ودا یه‌ك بگرن، به‌ره‌یه‌ک که ئامانجی وه‌دیهێنانی ئه‌و شته بێ که ئه‌وڕۆ مومکینه، به دوور له خه‌ونی جوداییخوازانه و گوتاری ئیدئۆلۆژیک".
به باوه‌ڕی وی باسکردن له جیابوونه‌وه‌ی کوردستانی ئێران وه‌ک هێندێک لایه‌ن باسی ده‌كه‌ن له هه‌لومه‌رجی ئێستادا واقعبینانه نیه و له‌لایه‌ن رێژیمه‌وه بۆ پاساوی سه‌رکوتی خه‌ڵك که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گیرێ. ئه‌وه‌ی ئێستا پێویسته روانگه‌یه‌کی سیاسیی واقعبینانه‌یه که ویست و مافه‌كانی کورد وه‌دی بێنێ وێڕای پاراستنی دووره‌دیمه‌نی مافه سیاسییه‌کانی گه‌لی کورد له ئێران.
له‌باره‌ی شه‌ڕی ئیران و ئیسرائیل مامۆستا حه‌سه‌ن‌زاده پێی وایه ده‌سه‌ڵاته‌كانی جیهان و ناوچه هێشتا بۆ ئه‌وه تێده‌کۆشن که کۆماری ئیسلامی ئه‌وه‌نده لاواز بکه‌ن که مل بۆ دانوستان و رێککه‌وتنێك رابکێشێ که بۆخۆیان مه‌به‌ستیانه. له هه‌ر حاڵه‌تێکدا کورده‌كان نابێ ته‌ماشاچیی رووداوه‌کان بن به‌ڵکوو پێویسته که‌ڵك له‌و ده‌رفه‌ته مێژووییه وه‌ربگرن بۆ ئه‌وه‌ی ریزه‌کانی خۆیان یه‌ك بخه‌ن و داواکارییه‌کانیان له چوارچێوه‌ی روانگه‌یه‌کی سیاسی‌دا رێك بخه‌ن که بکرێ له‌باره‌یه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و ئه‌لترناتیڤ گفتگۆ بکه‌ی. به وته‌ی عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده، ئه‌گه‌ر رێژیم برووخێ بۆشاییه‌کی گه‌وره دروست ده‌بێ. ئه‌گه‌ر نه‌شڕووخێ، له هه‌موو کاتێک لاوازتر ده‌بێ. له هه‌ردوو حاڵه‌تدا کورده‌کان ده‌بێ خۆیان حازر بکه‌ن به پرۆگرامێكی ڕوونه‌وه و نه‌ك به دروشمگه‌لی لێڵه‌وه.
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا مامۆستا حه‌سه‌ن‌زاده ده‌ڵێ پێویسته کورد له ئێڕان به جۆرێك خۆی بۆ ئه‌و بارودۆخه ئاماده بکا که داڕمانی به‌شێک یان ته‌واوی رێژیم و پشێوی له كۆتاییدا به‌دژی کورد وه‌رنه‌سوورێته‌وه و فاکته‌ری ده‌ره‌کی له‌دواییدا پشت له کورد نه‌کا به جۆرێک که ببێته پارووی تۆڵه ئه‌ستاندنه‌وه‌ی رێژیم.
پێگه‌ی ئینترنێتی "اخبارنا اخبارکم" له کۆتاییدا ئه‌و پرسیاره دێنێته گۆڕێ که ئایا پارته سیاسییه‌کانی کوردستانی ئێران وڵامی ئه‌و بانگه‌وازه ده‌ده‌نه‌وه یان هه‌روا ئه‌سیری ناکۆکییه دێرینه‌کان و موحاسباتی بێبه‌رهه‌م ده‌مێنن له حاڵێکدا ده‌رفه‌تێک هاتۆته پێش که له چه‌ند ده‌هه‌ی رابردوودا نموونه‌ی نه‌بووه.