
خۆڕانان بە ئەمنییەتێکی پووشاڵی و درۆینە
سمایل شەرەفی
"هەرچی بێت، بەس نیە ئەمنیەت و ئاسایشمان هەیە"، ئەمە قسەی سەرزاری بەرپرسانی نابەرپرسیاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و لایەنگرە چاو و گوێ بەسراوەکانی بوو لە ١٠ بۆ ١٥ ساڵی ڕابردوودا. هەرکات باس لە ناکارامەیی ڕێژیم، نەبوونی ئازادی، دۆخی نالەبار و شپرزی ئابووری، پاشکەوتووی و سەرکوتی جیابیران و ناڕازییان دەکرا، کاربەدەستانی ڕێژیم و لایەنگرانی، ئەمنیەت و ئاسایشییان لە وڵات بە چاودا دەدایەوە و ئیدیعایان ئەوە بوو کە؛ " هەرچی بێت، بەس نیە ئەمنیەت و ئاسایشمان هەیە". ئیدیعایەک کە زۆری نەخایاند دەرکەوت چەندە بێبناما و درۆین بوو.
دەرکەوت ئەو ئەمنیەت و ئاسایشەی ئەوان باسیان دەکرد، جیا لە سەرکوت و کپکردنی دەنگی جیابیران و خەڵکی ناڕازیی وڵات هیچی دیکە نیە. ئەلحەق ڕێژیم توانیبووی بە هۆی سیاسەتی سیستماتیکی سەرکوت و داپلۆسینەوە، تا ڕایەکی بەرچاو دەنگی خەڵکی ناڕازیی نێوخۆی وڵات کپ و لاواز بکات و ئازادیخوازان ڕاپێچی چاڵە ڕەشەکانی خۆی بکات و وا بنوێنێ کە "دنیا شامی شەریفە" و ئەمنیەتێکی باش بەسەر وڵاتدا زاڵە.
ڕێژیم بە هەموو هێز و توانای سەرکوت و دژیگەلیانەی خۆیەوە سەرقاڵی دۆزینەوەی جیابیرانی ناڕازی و خەباتکارانی ڕێی ئازادی و دەسبەسەرکردن و سەپاندنی حوکم و سزای نادادپەروەرانە بەسەریاندا بوو. هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم نەتەنیا لە زانکۆکان، شەقامەکان، شوینەکانی کار و ماڵی خەڵک، بەڵکوو لە ڕێگای هێزی بەدناوی سایبرییشیەوە، دنیای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشی لە خەڵکی وڵات کردبووە گۆڕەپانی لێپرسینەوە و سەرکوت. بەخەیاڵی خۆی وەک ئیدیعایشی دەکرد، پێی وابوو توانیویەتی "لانیکەم، ئاسایش و ئەمنیەت بۆ وڵات دابین بکات"!!. بەڵام وەک لە چەند رووداوی وەک؛ کوشتنی زانا ئەتۆمییەکانی بە ڕۆژی ڕووناک لەسەر شەقامەکان، تەقینەوە لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی کوشتنی قاسمی سلێمانی لە کرمان و بەتایبەت و پڕشوورەییتر لە هەمووان، هێرشی ئیسرائیل لە ڕۆژی ٢٣ی جۆزەردان بۆ سەر تاران، دەرکەوت کە "ئەمنیەتەکەی ڕێژیم" چەندە پووشاڵی و درۆینەیە.
ئەوە چ جۆر ئەمنییەتێک بوو کە ئیسرائیل لە یەکەم چرکەکانی دەسپێکی هێرشەکەی بۆ سەر تاران، توانی زەفەر بە یەکەم بەرپرسانی سپا و ئەرتەش و چەندین زانا و پلەداری هەرە باڵای ڕێژیم بێنێ و گیانیان لێ بستێنێ؟ ئەوە چ جۆر ئەمنیەتێک بوو کە مووساد توانیویەتی لەنێو خاکی ئێرانەوە بەشێک لە هێرشەکەی بۆ سەر بنکە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ڕێژیم بەڕێوە ببات و ئامانجەکانی بپێکێ؟ ئەوە چ جۆر ئەمنیەتێک بوو ئیسرائیل توانیبووی بەو شێوە بەربڵاوە نفووز بکاتە نێو دام و دەزگا ئەمنیەتی و ئەتۆمییەکان و، ئەوە چ جۆر ئەمنیەتێک بوو کە لە دوای هێرشی ئێسرائیل بۆ سەر ڕێژیم، ڕۆژ نیە میدیاکانی ڕێژیم هەواڵی دەستبەسەرکردنی چەندین گۆمانلێکراوی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل بڵاو نەکەنەوە؟!
هەر ئەمڕۆی بەیانیی ڕۆژی شەممە، ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٤، میدیاکانی ڕێژیم بڵاویان کردەوە کە لە شاری قوم، ٢٢ گومانلێکراوی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیلیان دەستبەسەرکردەوە!!. جیا لەوەیکە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە لە لایەن میدیاکانی ئێرانەوە، چەندە ڕاستن و چ پلانێکیان لە پشتە بۆ ئەوەی لەم دۆخە بۆ سەرکوتی زیاتری خەڵک کەڵک وەربگرن و تۆمەتی لەم چەشنە بخەنە پاڵ کەسانی ناڕازی لە ڕێژیم، ئەگەر بە ڕاستی وەربگرین؛ دەستبەسەرەکردنی ٢٢ کەس سیخوڕی ئیسرائیل، ئەویش لە شارێکی وەک قوم کە ناوەندی بەرهەمهێنانی هزری ئیدئۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و زۆرترین سەرنجە ئەمنیەتییەکانی خودی ڕێژیمی لەسەرە، لەگەڵ کارەساتباربوونی، بۆ ڕێژیم مایەی شەرمەزاری و ریسوابوونە.
لەهەر حاڵدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران نەتەنیا نەیتوانی هیچ ئاسایش و ئەمنیەتێک بۆ خەڵکی وڵات دەستەبەر بکات، بەڵکوو وڵاتی بۆ خەڵک کردە زیندانێکی گەورە و خۆیشی ئەمڕۆ خەریکە باجەکەی دەدات. وەک دەرکەوت؛ ئیسرائیل و بێگومان سرویسە ئەمنیەتییەکانی وڵاتانی دیکەش، بە چڕی نفووزیان کردۆتە پێکهاتە هەرە سەرەکی و باڵاکانی ئەم ڕێژیمە و تەنانەت وەک چەندین جار لە دوای خۆشاردنەوەی عەلی خامنەییش ئیدیعایان کردوە، هەر ئێستا دەزانن خامنەیی لە کوێ خۆی شاردۆتەوە و دەتوانن زۆر بە ئاسانی بیشیکوژن.
سەرۆککۆماری پێشووی ڕێژیم، مەحموودی ئەحمەدینژادیش زۆر ڕاشکاوانە باسی لە پووشاڵی بوونی نیزامی ئەمنیەتیی ڕێژیمەکەی کرد و وتی؛ "دوژمن - کە مەبەستی ئیسرائیل و ئامریکا بوو - توانیویانە نفووز بکەنە نێو دام و دەزگا هەرە هەستیارەکان و چییان پێخۆش بێت دەتوانن بیکەن".
بۆیە ئەوەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ ئاسایش و ئەمنیەتی ئێراندا باسی دەکەن و پێیان وایە توانیویانە ئەمنیەت بۆ خەڵک و وڵات دەستەبەر بکەن!!، جیا لە ئیدیعایەکی پڕوپووچ شتێکی دیکە نیە و هەر ئێستا زەمین و ئاسمانی وڵات لە ئێختیار خەڵکی دیکە دایە. ئەوان تەنیا توانییان بە سەرکوتێکی بێبەزەییانەی سیستماتێک خۆیان بە سەر خەڵک و خاكی وڵاتدا بسەپێنن و هەوڵی کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵکی وڵات بدەن کە ئێستە بە هۆی شەڕێکەوە کە هۆکار و سەبەبکارە سەرەکییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بەرەو چارەنووسێکی نادیار هەنگاو دەنێن.