کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوکمڕانی لە کونەتەیارەوە

23:34 - 1 پووشپەڕ 2725

حوکمڕانی لە کونەتەیارەوە

دارسمە

بە بیستنی وشەی "کونە‌تەیارە" ڕەنگە وابزانن مەبەست لە کونی فڕۆکەیە. هیچ گومانی تێدا نیە فڕۆکە کونی هەیە و لە کاتی فڕینیشدا تەنیا ئەو کونەی کراوەیەو  لە دواوە ئاگر و دووکەڵ فڕێ دەدات و بە زەبری ئەم ئاگرە دەڕوات. هەروەها دەکرێت بە "ئاشیانە" یان ئەو حەشارگەیانەی فڕۆکەی تێدا ڕادەگرن بگوترێت کونەتەیارە. بەڵامە ئەم کونەتەیارەیەی ئێمە هیچ‌کام لەوانە نیە. بۆ شیکردنەوەی دەستەواژەی کونە‌تەیارە بۆ لاوانی ئێستا و بەرەی ئەم دواییانە دەبێ بڵێین دەستەواژەی کونەتەیارە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق و هێرشی بەردەوامی چەکداران و فڕۆکەی کۆماری ئیسلامی بۆسەر خەڵکی بێ‌تاوان کەوتە سەرزاران و بەو کون و قۆرت و قووڵکە و بۆدڕە ژێرزەوییانە دەگوترا کە خەڵکەکە لە کاتی بۆمباران خۆیان تێدا حەشار دەدا. دوای ناساندن و شیکردنەوەی دەستەواژەی کونە‌تەیارە  دەگەڕێینەوە سەربابەتی سەرەکی و کونەتەیارە و  هێندێک شتی‌ دیکەش دەخەینە بەر دەنووکی دارسمە و بزانین چۆن دەیانسمێت.

هەفتەیەکی تەواو بەسەر دەستپێکی جەنگێکی گەرموگوڕدا تێپەڕی. جەنگێک کە لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش زۆر قورسە و خوێنی لێ دێت. هەفتەیەک بەسەر مووشەک هاویشتن، فڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "بۆمبڕێژکراو" و "سەرکەوتوو" و  هەروەها ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی یەکلایەنە و شکستی ئەوی دیکەدا تێپەڕی. لە مەیدانی شەڕەکەڵەدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەوڵەتی ئیسرائیل، وەک دوو پاڵەوانی سەرەکی، بە پشتیوانیی میدیای زۆروزەوەندی بەلایەن و بێ‌لایەنی بێ‌ئەژماری نێوخۆیی و دەرەکی و دۆستان و دوژمناندا هەرکامیان بە ئاوازێک چیرۆکی قارەمانێتیی خۆی دەگێڕێتەوە. سەیرترین دیمەنی ئەم فیلمە ئەکشنە هاڵیوودیە، لە کاتژمێری یەکەمی دەستپێکی جەنگەکەدا تۆمار کرا. وا دیار بوو ئیسرائیل لە جیاتی مووشەک، پاککەرەوەیەکی ئەفسووناوی یان دەرمانی بۆ قڕکردنی جۆرێک زیندەوەری زیانباری تایبەت بە کار هێنابوو. لە ماوەی شەست خولەکدا، هەموو ئەو فەرماندە "بەوەج" و قەڵەوانەی سوپای پاسداران، ئەوانەی ساڵانێک بوو لەسەر مینبەران هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیلیان لەسەر نەخشە دەکرد، بوونە هەڵم و چوونە ئاسمان. ئەوانەی وێنەکانیان بە ڕیشی چڕ و ورگی زلەوە دەکرایە پۆستە و بە سەر شەقام و بەرزەپرداندا هەڵدەواسران، ئەوانەی بەڵێنیی "نوێژی سەرکەوتن لە قودس"یان دەدا، لەپڕێکدا وەک ئەوەی هەرگیز نەبووبن، ناویان چووە لیستی "شەهیدانی ڕێگای قودس"ەوە، بێ ئەوەی تەنانەت قودس لە دووریشەوە ببینن. بەم دۆخە ئەو ترسە داماندەگریت عیزرائیلیش دەگەڵ پرۆژەی ئیبراهیمیی ناوچەکە بێت و بۆ ڕوح‌کێشانی بەرادەران هەرەوەزی ساز کردبێت.

جەنگی ڕاستەقینەش ئەوکاتە دەستی پێ کرد کامێراکان کرانەوە. لێرەدایە ئێران بە هەڵکێشانی گەورەترین چەکی خۆی، واتە "درۆی ڕاگەیاندن"، هاتە مەیدان. بەپێی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی تاران سیستەمی بەرگریی مووشکی توانای هەیە مێشوولەیەکیش لە ئاسمانی تاران بگرێت، بەڵام دیار بوو ئەو شەوە مێشوولەکان لە جۆری F-35 بوون و کەمێک لە دەستیان دەرچووبوون. لەولاوە، میدیای ئیسرائیلیش هەرچی باڵۆنی هەوایی هەبوو، هەڵی دا. جەنگەکە وا گەرم بوو بینەر هەستی دەکرد ئەگەر بەردەوام بێت، هەردوو لا لەبەر کەمیی ئاڵای سەرکەوتن، تووشی قەیران دەبن.

لە نێوەڕاستی ئەم هەراوزەنایەی "کێ بەهێزترە"دا، لەپڕێکدا دیپلۆماسییەتێکی کۆمیدی سەری هەڵدا. کۆماری ئیسلامی هەتا دوێنێ لە دانوستاناندا بە مانگ لەسەر شێوەی مێزی گفتوگۆ و ڕەنگی قەڵەما دەوەستا تا هەژموونیی خۆی بسەلمێنێت و بەینی خۆمان بێت جارێک پیاوەکانی قەڵەمی زێڕیشیان دزی. بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، وەزیر و سەرۆکەکانی جیهانی کردووەتە ڕاسپاردە و نامەبەر. پەیامەکە ڕوونە: "ئەی دۆستانی بەڕێز! تکایە بە مامە گەورە بڵێن با سەگە هارەکەی بوەستێنێت، با دانیشین و قسە بکەین. ئاخر  مامی گەورەمان هەرچەندە لە خولی یەکەمی مامایەتییدا لە فڕۆکەخانەی بەغداوە ڕەشپۆشی کردین، بەڵام مام هەر مامە و ئەو گەورەیە و ئێمە خزمەتکار. هەرچەند پێشتر"گفتوگۆ لەژێر فشار"مان بە گەورەترین سووکایەتی دەزانی، ئێستا ئەم بۆمبابارانە پیسە وای لێکردووین داوای "گفتوگۆی بەپەلە" بکەین. جاری وایە بۆمب و مووشک لە جیاتی وێرانکردن هزر و بیر و مێشک زاخاو دەکەن و خاوێنی دەکەنەوە.

لە کۆتاییدا پرسیاری سەرەکی ئەمەیە: کوا ڕێبەری مەزن؟ کوا "وەلیی ڕەها و بێهەوساری فەقیهـ"؟ لە کوێیە ئەو کەسەی بە تەنیا ئیشارەتێکی دەتوانێت چارەنووسی هەشتا میلیۆن کەس هیچ، ئەوانەی سووریە و یەمەن و لوبنان و ئەم عێراقەی دەرودراوسێشمان دیاری بکات؟ وا دیارە بەڕێزیان وەک هاوڕێ گیانی بە گیانییەکەی، وەک مامە حەسەن نەسروڵڵا خەریکی جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی درێژمەودای داهێنەرانەیە، بەڵام کلیلی وڵاتی ڕادەستی پاسدارە تووڕە و نیگەرانەکان کردوە.

لەم بڕیارە مێژووییەدا، ڕێبەری موسلمینی ئێرە و ئەوێ، تەنانەت حیسابی بۆ سەرۆک‌کۆماری  مونتەخەب و کابینە و ئەو جۆرە شتانەش نەکرد. ئەو چەمکەی ساڵانێک بوو وەک ئایەتێکی پیرۆز باسی دەکرد، واتە "ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهـ"، بە کردەوە پێشێلی کرد. چونکە دەرکەوت "ویلایەتی موتڵەقە" تا ئەوکاتە موتڵەقە فڕۆکەی جەنگی بەسەر تارانەوە نەخولێنەوە. لێرەدا ئەوانەی هاندەری داهێنانی کونەتەیارە بوون، ئێستا لەنێو کونەتەیارەدان و لەوێوە حوکمڕانی دەکەن.