کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە بەرزبوونەوەی شەپۆلی لەسێدارەدانەکان

10:14 - 2 پووشپەڕ 2725

دوابەدوای دەسپکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمە شەپۆلێکی نوێی دەسبەسەرکران و هەڕەشە بۆ دادگاییکردنی بەپەلە بۆ جێبەجێکردنی سزای سێدارەیان دژی هاووڵاتییان دەست پێ کردووە.

تاکوو ئێستا دەیان کەس لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەسبەسەر کراون و تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ مووسادیان دراوەتەوە پاڵ، کە لەم نێوانەدا سێ کەسیش سزای لەسێدارەدانیان جێبەجێ کراوە.

بە وتەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی کۆماری ئیسلامی ئەم شەپۆلە لە دەسبەسەرکرانەکانی بە تۆمەتەکانی سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل دەست پێ کردووە.

ئەم دەسبەسەرکرانانە هیچ پرەنسیپێکی بەدواداچوونی دادپەروەرانەیان بۆ لەبەرچاو نەگیراوە و ئەشکەنجە، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و جێبەجێکرانی سزای سێدارەیان لەسەر بنەمای وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەگەڵ بووە.

غولامحوسێن موحسنی ئێژەیی بەرپرسی هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم لە ڕۆژی ٢٥ی جۆزەرداندا بە بڵاوکردنەوەی بەخشنامەیەک خوازیاری بەرەورووبوونەوەی خێرا و لێبڕاو لەگەڵ ئەو کەسانە بوو کە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیلیان دراوەتە پاڵ.

لە هەوڵێکی دیکەدا مەجلیسی ڕێژیم لە ڕۆژی ٢٧ی جۆزەرداندا گەڵاڵەیەکی پەسەند کرد کە ڕێگا بۆ لەسێدارەدانی کەسانێک کە دۆسییەی پێوەندیدار بە سیخوڕی یان هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتە دژبەرەکانیان هەیە، هەموار دەکاتەوە.