
بنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، تێلاڤیڤ لە مەسیری گۆڕینی سیمای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە گەیشتن بە ئامانجەکانی لە ئێران نزیک بووەتەوە.
ناوبراو لە دانیشتنێکی ڕۆژنامەوانیی تلویزیۆنیدا وتی: ''ئێمە دەستکەوتی زۆرمان بەدەست هێناوە و بە هاوکاریی ترامپ ئێستا لە ئامانجەکانمان نزیکتر بووینەوە.''
وتیشی : ''کاتێک ئەو ئامانجانە بەدی هاتن، ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی دێت.''
نێتانیاهوو جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل لە ئامانجەکەی نزیک دەبێتەوە کە بریتییە لە لەنێوبردنی بەرنامە ناوکی و مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران. هەروەها بە ئاماژەدان بە دامەزراوە ناوکییەکەی فۆردۆ، وتی شوێنەکە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، بەڵام هێشتا قەبارەی وردی زیانەکان دیار نییە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەروەها ڕوونی کردەوە: ئێمە بە دوای شەڕی درێژماوە نین، بەڵام پێشوەختەش ئەم هەڵمەتە ڕاناگرین و جەختیشی کردەوە کە هەڵمەتی نیزامی لە ئێران تەنیا کاتێک کۆتایی دێت کە ئامانجەکان بەدی بێن و ئێمە لەوە زیاتر ناکەین کە دەمانەوێت.
نێتانیاهوو ڕایگەیاند کە هاواهەنگی لەگەڵ ئەمریکا لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستکەوتی بێوێنەی بەدواوە بووە.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: ''ئێمە زانیاریی هەواڵگریمان هەیە لەسەر شوێنی هەڵگرتنی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ٦٠ لەسەدی ئێران.''