کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆناڵد ترامپ باس لە گۆڕینی ڕێژیمی ئێران دەکات

10:38 - 2 پووشپەڕ 2725

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئامریکا ڕایگەیاند ئەگەر ڕێژیمی ئێران نەتوانێ ئەو وڵاتە بەرەو ئاسایش و ئاشتی ببات پێویستە گۆڕانی بەسەردا بێت.

پرسی "گۆڕینی ڕێژیمی ئێران" لەلایەن ترامپەوە لە کاتێکدایە کە چەندین جار ناوبراو دەسەڵاتدارانی ئێرانی بۆ دانوستان و ئاشتی بانگهێشت کردووە.

ئەو قسانەی سەرۆککۆماری ئامریکا بە دوای ئەوەدا هات کە بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١ی پووشپەڕ، ئامریکا هێرشی کردە سەر بنکە ناوکییەکانی فۆردۆ و نەتەنز و ئێسفەهان و ترامپ ڕایگەیاند کە لەناوبردنی ئەو بنکانە بە مەبەستی نەهێشتنی مەترسیی بۆمبی ناوکی بووە.

شەوی شەممە ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی دۆناڵد ترامپ لە کۆشکی سپییەوە ڕایگەیاند کە ئامانجی ئامریکا لە لێدانی ئێران نەهێشتنی مەترسی چەکی ئەتۆمی ڕێژیمێکە کە گەورەترین پشتیوانیی تێرۆریزمە لە جیهاندا و تا ئێستا ئەو ڕێژیمە گیانی هەزاران کەسی لە ناوچەکەدا لە ڕێگای تێرۆر و کوشتوبڕەوە ئەستاندووە.

ترامپ هەروەها وتوویەتی کە ڕێژیمی ئێران پێویستە بێتە سەر مێزی دانوستان و مل بۆ ئاشتی بدات ئەگینا تووشی چارەنووسێکی خراپ لەلایەن ئامریکاوە دەبێت و هێرشی دەکەینە سەر.