کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرچاوە ئیسرائیلییەکان: ئەگەر خامنەیی ڕازی بێت ئاگربەست لەگەڵ ئێران قەبووڵ دەکەین

10:39 - 2 پووشپەڕ 2725

ڕۆژنامەی ''یەدعوت ئاحارانۆت''ی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوە سیاسییەکانەوە بڵاوی کردەوە، تێلاڤیڤ ئامادەیە ئاگربەست لەگەڵ ئێران قەبووڵ بکات، بەو مەرجەی عەلی خامنەیی، بەو بڕیارە ڕازی بێت.

یەکێک لە بەرپرسانی ئیسرائیلی ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند: ''ئەگەر سبەی خامنەیی فەرمانی ئاگربەست بدات و ئامادەیی خۆی نیشان بدات بۆ کۆتاییهێنان بەم بابەتە، ئێمەش ڕازی دەبین.''

سەرچاوە ئیسرائیلییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە تێلاڤیڤ هیچ حەزێکی بۆ درێژکردنەوەی ململانێکان لەگەڵ ئێران نییە و ئێستا بڕیارەکە لە ئەستۆی عەلی خامنەییە.''

سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی ناوکی، ئەم سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە ئەگەری لەو شێوەیە لە هەلومەرجی ئێستادا  زۆر کەمە، یان مەحاڵە.

سەرچاوەکان دەڵێن: “ئەگەر خامنەیی بڕیاری وڵامدانەوەی بنکەیەکی ئەمریکی بدات، دۆخەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی دەگۆڕێت. ئەگەریش بڕیار بدات تەنیا هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، بۆ هەر سیناریۆیەک حیساباتی جیاواز هەیە''.

ئەم سەرچاوانە وتیان: واشنگتۆن پێی باشترە ڕێژیمی ئێران بەرەو دانوستان هەنگاو بنێت، ئێمە چاوەڕێین بزانین خامنەیی وەڵام دەداتەوە؟ ئایا دەچێتە ناو دانوستانەکانەوە؟ یان پاشەکشە دەکات؟ لە ڕوانگەی ئێمەوە هیچ خواستێک بۆ ململانێیەکی درێژخایەن نییە و هیوادارین ئەم بابەتە لەم حەفتەیەدا کۆتایی پێبێت.''

سەرچاوەکان هەروەها جەختیان کردەوە کە ئامانجی ستراتێژیی ئیسرائیل لە هێرشەکاندا ڕووخانی ڕێژیمی ئێران نەبوو، بەڵکوو کۆنترۆڵکردنی توانا ناوکییەکانی ئێران بوو.