
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دا کە هەر وڵامدانەوەیەکی ڕێژیمی ئێران بۆ هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی، "خراپترین هەڵە دەبێت کە دەتوانن بیکەن".
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕوبیۆ ڕۆژی یەکشەممە بە کاناڵی ''سی بی ئێس''ی ڕاگەیاندووە: ''بۆ چەند ڕۆژێک کەس نازانێت کە ئایا ئێران بەشێک لە ماددە ناوکییەکانی خۆی پێش هێرشەکانی ئەمریکا گواستووەتەوە یان نا.''
هەروەها وتی: "لە ئێستادا هیچ پلانێک بۆ ئۆپەراسیۆنی نیزامیی زیاتر لە دژی ئێران نییە".
لەلایەکی دیکەوە، جی دی وێنس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران دوای هێرشەکەی ئەمریکا پەیامی ناڕاستەوخۆی بۆ ئەمریکا ناردووە.
ناوبراو لە لێدوانێکیدا لەگەڵ کاناڵی ''ئێن بی سی'' وتی: ئێمە لەگەڵ ئێران لە شەڕدا نین، لەگەڵ بەرنامە ناوکییەکەیان لە شەڕداین.''
جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی کرد کە ئەمریکا بە دوای گۆڕینی ڕێژێم لە ئێراندا نییە. چاوەدێران دەڵێن دەوڵەتی ترامپ خۆی لە هەوڵێکی درێژخایەن و ماندووکەری دەرەکی دەپارێزێت بۆ هێنانەدیی گۆڕانکاری لە ئێران.
وێنس زیادی کرد: ''ئەوەی دوای ئەمە چ ڕوو دەدات، پێوەندیی بە خودی ئێرانییەکانەوە هەیە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر ترامپ خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکە پاراستبا، ئەوا بڕیارەکە بە کردەوەیەکی نابەرپرسیارانە دادەنرا.