کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە بیری چۆنیەتیی کاردانەوە بە هێرشەکانی ئامریکایە

14:46 - 2 پووشپەڕ 2725

ڕۆژی دووشەممە ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕایگەیاند کە ڕێژیمی تاران خەریکی گرتنەبەری ڕێکاری تایبەت بۆ کاردانەوە بە هێرشەکانی ئامریکایە.

ڕۆژی یەکشەممە ١ی پووشپەڕ، ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە بە هەموو شێوەیەک بەرگری لە خۆی دەکات و یارمەتیی ئامریکا بۆ ئیسرائیلی بە گەورەترین شەڕی ڕۆژاوا دژ بە ڕێژیم لە دوای شۆڕشی ساڵی ٥٧ تا ئێستا زانی.

بە دوای هێرشی فڕۆکەکانی ئامریکا بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ڕێژیم لە ڕۆژی شەممە ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاویدا، سەرۆککۆماری ئامریکا دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند کە زەبرێکی بەهێز لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ڕێژیم کەوتووە و هەروەها وتیشی ڕێژیمی ئێران پێویستە مل بۆ ئاشتی بدا ئەگینا لە داهاتوودا هێرشی زۆر توندتری دەکرێتە سەر.

دەسەڵاتدارانی ئەمریکی باسیان لە گەورەیی ئەو هێرشەی ئامریکا بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران کردووە و هاوکات "ڕافائێل گەروسی" سەرۆکی گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم وتوویەتی کە تا ئێستا هەڵسەنگاندنی تایبەت بۆ زەرەر و زیانی ئەو بنکانە نەکراوە.

لەو پەیوەندییەشدا کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاندووە کە پێش ئەوەی فڕۆکەکانی ئامریکا هێرش بکەنە سەر بنکە ناوکییەکان، ئەوان زۆربەی یۆرانیۆمی بەرهەمهاتووی ئەو بنکانەیان ڕاگواستووە.