کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی نوێی ئیسرائیل بۆ سەر چەند بنکەی ڕێژیمی ئێران

14:47 - 2 پووشپەڕ 2725

لە یازدەهەمین ڕۆژی ململانییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ دووشەممە ٢ی پووشپەڕ لە حاڵی هێرش بۆ سەر چەند بنکەی نیزامیی ڕێژیمی ئێران لە کرماشانە.

ئەرتەشی ئیرسرائیل لە بەیاننامەکەدا ڕایگەیاند کە هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە ژێرخانی نیزامی لە کرماشان دەکاتە ئامانج.

ئێران هەروەها ڕایگەیاند کە دڕۆنێکی ئیسرائیلی لە ئاسمانی خوڕماوا خستۆتە خوارەوە و پێشتریش هەواڵی خستنەخوارەوەی دڕۆنی شاری ئەراک ڕاگەیاندبوو.

ئەرتەشی ئیسرائیل وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی لەنێوچوونی ئەو دڕۆنە ڕایگەیاند کە هیچ نیگەرانییەکیان سەبارەت بە دزەپێکردنی زانیارییەکانی نییە.

دوابەدوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری تەورێز، دووکەڵ بەسەر ئاسمانی ئەو شارەدا بەرز بووەوە.

میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر سایتی پارچین ئەنجام داوە کە کۆمەڵگەیەکی گەورەی نیزامی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تارانی تێدا جێگرە.

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە پێگەکانی سەر بە سپای پاسداران و هەروەها ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی مۆتۆری مووشەکی زەوی بۆ زەوی کردووەتە ئامانج.

وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە هێرشەکان دژی ڕێژیمی ئێران تا گەیشتن بە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکان بەردەوام دەبن.