کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم خەریکی تاوتوێکردنی گەڵاڵەی پچڕاندنی پێوەندی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ناوکییە

15:43 - 2 پووشپەڕ 2725

هاوکات لەگەڵ توندتربوونەوەی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، محەممەدباقر قاڵیباف، بەرپرسی مەجلیسی ڕێژیم باسی لە تاوتوێکردنی گەڵاڵەیەک بۆ پچڕاندنی کاتیی هاوکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی وزەی ناوکی کردووە.

قاڵیباف هێنانەئارای ئەم گەڵاڵەی بۆ پێبەندنەبوونی ئەم ناوەندە بۆ بەڵێنییەکانی ڕاگەیاندووە.

ناوبراو لە لێدوانێکدا هاوکات لەگەڵ مەحکوومکردنی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ناوکییە سەرەکییەکانی وڵاتەکەی، بەڵێنی ئەوەی دا کە ئێران بێگومان وڵامێک دەداتەوە کە ترامپ لەم دەستدرێژییەی پەشیمان بکاتەوە.

پێشتر شۆرای حوکامی ئاژانسی وزەی ناوکی لە بڕیارنامەیەکدا، ڕێژیمی ئێرانی لە پێوەندی لەگەڵ سەرپێچیکردن لە چوارچێوەکان بۆ پێشگرتن لە گەشەدان بە چەکی ناوکی و هاوکارینەکردن لەگەڵ ئاژانس مەحکووم کردبوو.