
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ٢ی پووشپەڕ ڕایگەیاند کە ئەرتەشی وڵاتەکەی بە چڕترین هێرشەکانی بنکەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لە نێو جەرگەی تاران کردووەتە ئامانج.
یێسرائیل کاتز وتی: "ئەرتەش بە شێوەیەکی بێوێنە، بنکەکانی سەر بە ڕێژیم و دامەزراوە دەوڵەتییەکانی ئێران لە نێو دڵی تاران بوردومان دەکات".
پاش ئەم قسانەی کاتز، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بە چڕی بنکەکانی سپای پاسداران و دامەزراوە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیان لە پێتەختی ئێران کردە ئامانج.
بە گوێرەی زانیارییەکان و گرتە ڤیدیۆ بڵاوبووەکان، ئەم هێرشانەی ئەمڕۆ، چڕترین هێرشەکان لە کاتی دەسپێكی شەڕەوە بۆ سەر تاران بووە و تاکوو ئێستاش بەردەوامە.