کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پلۆمپکردنی ١٣٠ نانەواخانە لە تاران

17:49 - 2 پووشپەڕ 2725

پارێزگاریی تاران ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە هۆی دۆخی شەڕەوە، ١٣٠ نانەواخانە، پێنج ڕۆژ کاریان نەکردووە و بڕیاری پلۆمپکردنیان بۆ دەرکراوە.
 هەواڵدەریی تەسنیم ڕایگەیاندووە کە ئەم نانەواخانانە دەبوو لە ڕۆژانی شەڕدا و بەپێی فەرمانی پارێزگاری کاریان کردبایە، بەڵام بەهۆی دۆخی شەڕەوە دەستیان لە کار کێشاوەتەوە و لە ئێستادا پشکەکانیان ڕادەستی خوازیارانی دیکە دەکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە پاش هۆشداریی بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، سەبارەت بە چۆڵکردنی تاران، بەشێکی زۆر لە خەڵکی تاران بۆ پاراستنی گیانی خۆیان شارەکەیان بەجێ هێشتووە.
ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم و بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی گیانی خۆیان داوا لە خەڵکی مەدەنی دەکەن کە شارەکە چۆڵ نەکەن تاکوو لە پشتی ئەوان خۆیان حەشار بدەن.
جێی ئاماژەیە کە زۆربەی بنکە سەربازییەکانی سپای پاسداران لە نزیک ماڵ و شوێنی ژیانی خەڵکدا جێگیر کراوە و هەروەها بەپێی گرتە ڤیدیۆکان لە ڕۆژانی ڕابردوودا، سپای پاسداران لانچێری مووشەکەکانی دەباتە شوێنەکانی نیشتەجێبوونی خەڵک و بەم شێوەیە هاووڵاتییانی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکار دەهێنێت.