
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ئەرتەشی وڵاتەکەی کۆمەڵێک هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر دامەزراوە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە تاران ئەنجام داوە.
بەپێی دوایین زانیارییەکان و گرتە ڤیدیۆکان، لەم هێرشانەدا دامەزراوە سەرکوتکەرەکانی وەک قەرارگای ساروڵڵا، ستادی بەسیجی تاران، سپای سەیدولشوهەدا، سپای کەرەج، حێفازەتی ئیتلاعاتی فەرماندەیی ئینتزامی، ستادی ئیتلاعاتی فەرماندەیی ئینتزامی، بەشی ئیداریی بەندیخانە ئێڤین، ناوەندە ئیدۆلۆژیکەکانی ڕێژیمی ئیسلامی و پۆلیسی ئیتلاعات و ئەمنییەتی گشتیی فەرماندەیی ئینتزامیی، کراونەتە ئامانج.
بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، ئەم هێرشانە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی بینیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەنجام بووە تاکوو ئەو دامەزراوانەی کە خەڵکی ئێرانیان سەرکوت کردووە، بە وردی بکرێنە ئامانج.
هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل ئەو ڕۆژژمێرە دیجیتاڵەی کە ڕێژیم وەک کاتی لەنێوبردنی وڵاتی ئیسرائیل لە تاران جێگیری کردبوو، بە هێرشێکی ئاسمانی لەنێوی برد.
ئەم ڕۆژژمێرە یەکێک لە هێما ئیدۆلۆژیکەکانی ڕێژیم لە تاران بوو.
ئەرتەشی ئیسرائیل لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا هێناویەتی، لە بەرامبەر هەر فیشەکیک کە بەرەو ئیسرائیل بتەقێت، دیکتاتۆری ئێران باجەکەی ئەدات و هێرشەکانیس بە هەموو هێزەوە بەردەوام دەبن.