
داتاکانی پێوەندیدار بە بەدواداچوونی کەشتییەکان، باس لەوە دەکات کە ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی کۆماری ئیسلامی بۆ چین، لە مانگەکانی ڕابردوودا دابەزیوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی بلومبێرگ و بە پشتبەستن بە داتاکانی پێوەندیدار بە بەدواداچوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، ڕێژەی نەوتی هەناردەکراوی کۆماری ئیسلامی بۆ چین بەهۆی چڕبوونەوەی گەمارۆکانەوە دابەزیوە و هەروەها داواکاریی پاڵاوگەکانی ئەم وڵاتەش کەمتر بووەتەوە.
بەپێی ئەم داتایانە، هەناردەکردنی نەوتی خاو و چڕبوونەوە گازییەکانی ئێران بۆ چین، لە ١١ی بانەمەڕ تاکوو ١٠ی جۆزەردان گەیشتووەتە ١.١ میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژدا کە ئەم ڕێژەیە بە بەراورد لەگەڵ ئەم ماوەیە لە ساڵی پێشوودا، نزیک بە ٢٠٪ دابەزینی بە خۆیەوە بینیوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەری هەیە داتاکانی کۆمپانیی "ڤۆرتێکسا" کە ئەم هەواڵدەرییە پشتی پێ بەستووە، بە تەواوبوونی پڕۆسەی ژماردن ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت، چونکە لە ئێستادا بارهەڵگرەکان سیستمەکانی بەدواداچوونی خۆیان دەکوژێننەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژماردن و چاوەدێریکردنیان ئەستەمتر ببێتەوە.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا، جەختی لەسەر ئەوە کردبووەوە کە بە گوشاری هەمەلایەنە و چڕکردنەوەی گەمارۆکان بەتایبەتی گەمارۆ نەوتییەکان، پێش بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران دەگرێت.
هەرچەند کە تاکوو ئێستا لە کردەوەدا ئەم هەوڵە نەگەیشتووەتە ئەنجام، بەڵام بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، وێدەچێت کە سیاسەتی گوشاری هەمەلایەنەی دەوڵەتی ترامپ، تا ڕادەیەک لەسەر هەناردەکردنی نەوتی ئێران کە کڕیارە سەرەکییەکەی وڵاتی چینە، کاریگەریی هەبووبێت.
ئەمریکا دەڵێت، کۆماری ئیسلامی پارەی فرۆشی نەوت بۆ مەبەستی بەرەوپێشبردنی سیاسەتە شەڕەنگێزانەکانی خۆی لە ناوچەکەدا و هەروەها پشتیوانیی لە تێرۆریزم بەکار دەهێنێت.