
ناتۆ لە کۆبوونەوەی ئەمجارەی خۆیدا کە لە لاهە بەڕێوە دەچێت قەرار وایە کە لەسەر زیادکردنی بەشە بوودجەی وڵاتانی ئەندامی ئەو ڕێکخراوە نیزامیـ ئەمنییەتییە بڕیار بدات.
هێرشی ئامریکا بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران، کارتێکەریی لەسەر ڕێڕەوی کاریی ناتۆ هەبووە و لەوە بەدوا ڕەنگە ناتۆ بە جێگای ڕاوەستان لە بەرامبەر ڕووسیە، خۆی بە لێکەوتەکانی هێرش بۆ سەر ڕێژیمی ئێرانەوە خەریک بکات.
هێرش بۆ سەر ڕێژیمی ئێران باسی کۆبوونەوەی وڵاتانی ڕێکخراوی ناتۆی تێک داوە و ئەوە چڕتریش دەبێتەوە کاتێک ڕێژیمی ئێران کاردانەوەی زیاتر نیشان بدات.
ناتۆ کە پەیمانێکی نیزامیـ ئەمنییەتییە و بۆ ئاسایشی ناوچەی یۆرۆـئاتلانتیک داڕێژراوە، هێرشی ئامریکا کە ئەندامێکی سەرەکیی ئەو ڕێکخراوەیە، دەتوانێ کاریگەریی لەسەر داڕشتنەوەی بەرنامە و ناوچەی چالاکیی ئەو ڕێکخراوەدا هەبێت.
شەڕی یەکلایەنەی ئامریکا دژ بە ڕێژیمی ئێران و کاردانەوەی ڕێژیمی ئێران، کاریگەریی لەسەر یەکیەتی، ڕۆڵی ترامپ لە کۆبوونەوەکاندا و کۆکبوونی سەرانی ڕێکخراو لەگەڵ ئامریکا هەیە.
ئەو شەڕە هەروەها کاریگەریی لەسەر داهاتووی ناتۆ و ڕۆڵی جیهانیی ئەو ڕێکخراوەیە هەیە.