
بێدەنگیی خەڵكی ناوەند و ئێمەی نەتەوەكانی ستەملێکراو
ڕەحیم نزهەتزادە
لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران – بەبێ گوێدانە ڕەهەندە یاسایی، سەربازی و سیاسییەکانی– ئەو کاردانەوەیەی کە دەبوو لە دڵی کۆمەڵگەوە، واتە خەڵك بێتە ئاراوە، هەتا ئێستا ڕووی نەداوە. ئەو كاردانەوەی ئێمە لە لایەن كۆمەڵگەی ناوەندەوە دەیبینین بێدەنگییەکی قورس و کوشندەیە. لە هەر کۆمەڵگەیەکی دیكە و لە هەلومەرجێکی هاوشێوەدا، و لە هەر شوێنێکی دیکەی جیهاندا، ئەوە دەکرا بە هەوێنی گۆڕەپانی ڕاپەڕین و گۆڕانکاری. ئەگەر ڕووداوێکی لەو شێوەیەی ئێران، لە وڵاتێکی دیکە ڕووی دابا، خەڵکی بەشی ناوەندی ئەو وڵاتە، هەرچەندە ڕێژێمەکەیان ستەمکاریش بووایە، بێگومان دەڕژانە سەر شەقامەکان. بەڵام لە ئێرانی ئەمڕۆدا، بە تایبەت بەشی ناوەند، بەردەوامن لە پاسیڤبوون و كەوتنە نێو خەوێکی قووڵەوە.
لە هەڵومەرجێكدا كە گوشارە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بۆ سەر ڕێژیم بەردەوام لە زیادبووندایە و خەڵکی دەوروبەر، بە تایبەت لە کوردستان و بەلوچستان و ئەهواز و ناوچە چەوساوەکانی دیکە باجی قورسیان بۆ خەبات و بەربەرەکانی لەگەڵ ئەم ڕێژیمە داوە، جەماوەری ناوەند هەروا بێدەنگە. ئەم بێدەنگییە بەڕێکەوت نیە؛ ئەوە ڕەنگدانەوەی دوودڵییەکی پێکهاتەییە، بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەی گۆڕینی بنەڕەتیی سیستەمەکە.
ئێستا ئەو پرسیارە دێتە پێش: ئایا خەڵکی ناوەند چاوەڕێی وڵاتانی دەرەوە، یان گەلانی تری ئێران، وەک کورد و بەلووچن بێن و ئەركەكەیان بۆ تەواو بکەن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە ڕوونە: ڕووخاندنی حکومەتێک -تەنانەت ئەگەر تاکڕەو و تاوانکاریش بێت- ناتوانرێت لە دەرەوە بسەپێندرێت. شەرعییەتی ئەو گۆڕانکارییە، پەیوەستە بە چالاکی خەڵکی خۆجێیی. ڕەنگە هێز و لایەنە نێودەوڵەتییەکان بتوانن ڕێگاکە نەرم و خۆش بکەن، بەڵام ناتوانن جێگەی ئیرادەی خەڵکی هەمان وڵات بگرنەوە؛ بەتایبەتی ئەو خەڵك و جەماوەرەی کە لە ناوەنددان، هەم لە ڕووی ژمارەی دانیشتووان و چ لە ڕووی چڕبوونەوەی دەسەڵاتەوە، لە پێگەیەکی سەرەکی و كلیلیدان.
لەم جۆرە هەلومەرجەدا، پاسیڤیەتی و ناكارایی چینی ناوەندگەرا، هەڵگری پەیامی گرینگە بۆ گەلانی چەوساوە. پەیامی یەکەم ئەوەیە کە نابێت چاوەڕوانی بەئاگاهاتنەوەی کتوپڕی ناوەند بکەین. ئەو بێدەنگییەی ئەمڕۆ دەیبینین، تەنیا دەرئەنجامی ترس نیە، بەڵکوو دەرئەنجامی ساڵانێکە لە بەرژەوەندیی پێکهاتەیی، ئیمتیازە کولتوورییەکان و هەستکردن بە سەربەخۆیی بە "نیشتمانێکی یەکگرتوو" کە بەکردەوە ناوەند وەک میحوەر و دەروبەر وەک پەراوێز دەبینێت.
لە بەرامبەر ئەم واقیعەدا، ئەرکی ئێمەی گەلانی ستەملێکراو، نەك هاواری سۆزداری، بەڵکوو دەبێ شیکاریی واقیعی ببێت. پێویستە ئەم بۆشاییە کە دروست بووە، بەڵام نەک بۆ هەڵگیرسانی ڕق و کینە، بەڵکوو بۆ ئاوەدانکردنەوە و ئاشتەوایی نەتەوەیی لەنێو خۆماندا بە کار بهێنین. دەبێت لە ململانێ مێژووییەکان بەبێ ئەوەی لە بیریان بكەین، بۆ دووبارە نەبوونەوەیان لەو فێربین، و دەست بە لاپەڕەیەکی نوێ بکەین. لاپەڕەی خۆبەڕێوەبردن، هاوپشتی نێوخۆیی و دوورکەوتنەوە لە پشتبەستن بە ناوەندێکی خەوتوو.
هەنگاوی یەکەم، ئامادەکردنی گەلی خۆمانە: چ لە ڕووی دەروونی و چ لە ڕووی ڕێکخراوەییەوە. دەبێت لە ئەگەری روخانی ڕێژیم، گەلەکەمان فێر و ئامادە كردبێت، کە چۆن پارێزگا، شار، ناوچە و گوندەکانیان بەڕێوە ببەن؛ چۆنیەتیی پاراستنی ئارامی گشتی، و چۆن ڕێگری بکەن لە بۆشایی دەسەڵات کە نەبێتە هۆی، ئاژاوە، هەرج و مەرج، یان هەڵوەشاندنەوەی نەخوازراو. ئێمە پێویستمان بە شێواز گەلێكە بۆ حوكمداری بەشدارانە، نێوخۆیی و دێموکراتیك؛ شێواز گەلێك، کە نەک لەسەر بنەمای ناوەند، بەڵکوو لەسەر بنەمای پێداویستییە ڕاستەقینەکانی هەر ناوچەیەک، دیزاین کراوبن.
هەنگاوی دووەم، داڕشتن و بە ڕوونی خستنەڕووی داواکارییەکانمان. دەبێت بزانین چیمان دەوێت، بەڵام دەبێت بە شێوەیەکی واقیعی بیخەینە ڕوو، خۆمان لە سیاسەتی "هەموو یان هیچ" بەدوور بگرین. زۆرترین داواکاری، بەبێ گوێدانە توانا و مەرجە بابەتییەکان، نەک هەر شکست دەهێنێت لە بەدەستهێنانی ئەنجام، بەڵکو نەوەکانی داهاتووش لە ڕێڕەوی داواکارییەکانان دەخاتە تەنگانە و بێهیوایان دەکات. دەبێت پلانێکمان هەبێت بۆ پێشکەوتنی هەنگاو بە هەنگاو؛ لە خۆبەڕێوەبەریی نێوخۆییەوە هەتا بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسین لە چوارچێوەی یاسایی و شەرعیەت پێدراوی نێودەوڵەتیدا.
بەڵام لە هەمووی گرنگتر، نابێ ڕێگە بدەین کوردستان، بەلووچستان و ناوچە بێبەشەکانی تر، باری خەبات بۆ ناوەندێک کە لە خەوی ڕۆئیاییدایە، لە شان بگرن. هەرکات ناوەند، لە تارانەوە تا ئیسفەهان، لە شیرازەوە تا مەشهەد، ئیرادەی جووڵە و گۆڕان نیشان بدات، ئەو كات ئێمە وەک منداڵی گەلانی مێژوویی ئەم خاکە، لە ڕێگای روخانی ڕێژیم، هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ ئەواندا دەڕۆین. بەڵام تا ئەوکاتە، نابێ تاکلایەنە تێچووی قورسی ڕاپەڕین بدەین.
ڕووخانی ڕێژیم، بەبێ بەشداری کارای ناوەند مومکین نییە. ئەگەر ئەم ڕاستییە پشتگوێ بخەین، وەک زۆرێک لە ڕاپەڕینەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران، هەوڵی نەتەوە چەوساوەکان یان سەرکوت دەکرێن یان دەستیان بەسەردا دەگیرێت. ئێستا نە کاتی خۆشخەیاڵی، نە کاتی هەستی شۆڕشگێڕانەیە، بەڵکوو كات، کاتی شیکاری ستراتیژی و پلاندانانی وردە.