کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم شێوەی لێپرسینەوە لە هاووڵاتییانی گۆڕی

17:15 - 3 پووشپەڕ 2725

دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران هەر بە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی ئیسرائیل و ئێراندا، یاسای وەپاڵدانی "سیخوڕی" بۆ لێپرسینەوەی ئاسایی سەبارەت بە هاووڵاتییان گۆڕی.

ئەسغەر جەهانگیر، وتەبێژی دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێران باسی لە گۆڕینی ئەو یاسایە کرد و وتی کە یاساکە بە شێوەی گشتی لە سیخوڕی دواوە و ڕەنگە وەڵامدەرەوەی دۆخی ئێستا نەبێت.

ناوبراو وتی کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە شێوەی پێشوو لەگەڵ تۆمەتبارانی سیخوڕیکردن، جووڵابایەوە، لەگەڵ کێشەی چۆنیەتیی سزادان بەرەوڕوو دەبووەوە.

ناوبراو هەروەها وتی کە مەجلیسی ئێران بە دەرکردنی بڕیارێک دەستی دەزگای دادوەری و ناوەندە ئیتلاعاتی و نیزامییەکانی ئازاد هێشتووەتەوە کە به توندترین شێوە لەگەڵ تۆمەتباران بجووڵێنەوە.

ئەم کارەی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە هاوکات لەگەڵ دەسپێکی شەڕی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی، ڕیژەی دەسبەسەرکرانەکان و سەرکوتی هاوولاتییان زۆر بووەتەوە.