
وتەبێژی هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هێرشەکانی ڕۆژی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر بەندیخانەی ئێڤین، باسی لەوە کرد کە بەشی ئیداریی ئەم بەندیخانەیە کراوەتە ئامانج و خەساری بەرکەوتووە.
ئەسغەر جەهانگیر، وتەبێژی هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم بە ئاماژە بەم هێرشە وتی کە ژمارەیەک لە کارمەندەکانی بەشی ئیداری و دادوەریی بەندیخانەکە هەروەها ژمارەیەک لە سەردانیکەران، بریندار بوون.
ناوبراو باسی لەوە کردووە کە هێرشەکە کوژراویشی هەبووە بەڵام ئامارێکی لەمبارەوە نەخستە ڕوو.
ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، ڕایگەیاند کە شەپۆلێکی نوێ لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەست پێ کردووە .
هاوکات لەگەڵ بەندیخانەی ئێڤین، بنکەکانی قەرارگای ساروڵڵا وەکوو گرینگترین ناوەندی فەرماندەیی ژێر چاوەدێریی سپای پاسداران، لەشکەری سەیدوشوهەدا و مەقەڕی بەسیج کرانە ئامانج.