کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل دەڵێت ئێران ئاگەربەستی پێشێل کردووە

17:43 - 3 پووشپەڕ 2725

ئەرتەشی ئیسرائیل کاتژمێر ١٠ و ٤ خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ، بە کاتی ئێران ڕایگەیاند کە چەند مووشەکی شاناسایی کردووە کە لە ئێرانەوە بەرەو ئیسرائیل هاویشتراون.

بەم هۆیەوە زەنگی ئاگادارکەرەوەی هێرشی مووشەکی لە بەندەری حەیفا و چەند ناوچەیەکی باکووری ئیسرائیل لێ دراوە  و هەزاران کەس بۆ پەناگە و شوێنە سەلامەتەکان ڕایان کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئیدیعای کرد کە کۆماری ئیسلامی ئاگربەستی پێشێل کردووە و هەر بۆیەش فەرمانی بە ئەرتەش داوە کە بە لێدانی بەهێز لە دژی ئامانجەکانی ڕێژیم لە دڵی تاران بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە وڵامی پێشێلکاریی ئاگربەستی کۆماری ئیسلامی بداتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای پاسداران، تا ئێستا هیچ هەواڵێکی لەو هێرشە مووشەکییە بڵاو نەکردووەتەوە و هەمان ڕاپۆرتی لەژێر ناوی "ئیدیعای ئیسرائیل" بڵاو کردووەتەوە.

لە بەرامبەر ئەم هەواڵەدا، دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو هێرشەی ڕەت کردەوە، بەڵام باسی لەوە نەکرد کە چ ناوەندێک ئەمەی ڕەت کردووەتەوە.

سەرۆککۆماری ئەمریکا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە "ئێستا ئاگربەست جێگیرە'' دەوڵەتی ئیسرائیلیش بە فەرمی ڕایگەیاند کە ئاگربەستی پێشنیارکراوی قەبووڵ کردووە.

ئەم ڕووداوە نزیکەی دوو کاتژمێر دوای کاتی ڕاگەیەندراو بۆ دەستپێکردنی ئاگربەست ڕووی دا.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران کاتژمێر ٤:١٦ خولەکی بەیانی لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: ''لە ئێستادا هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر ئاگربەست یان ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە نیزامییەکان نییە، بەڵام ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی بەر لە کاتژمێر ٤:٠٠ی بەیانی ڕابگرێت، ئێمەش بەنیازین وڵامدانەوە ڕابگرین.''