کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ پێناسەکردنی کوژراوانی سپای پاسداران وەک وەرزشوان و پاڵەوان

17:44 - 3 پووشپەڕ 2725

وەزارەتی وەرزشی کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی پڕۆپاگانداکانی ڕێژیمدا، کۆمەڵێک پاسداری وەک وەرزشوان و راهێنەری بەئەزموون پێناسە کردووە کە لە شەڕی ئیسرائیلدا کوژراون.
بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی وەرزشی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕ، ٣ ئەندامی سپای پاسدارانی کە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی سپای پاسداراندا کوژراون، وەک وەرزشوان و ڕاهێنەری بەئەزموون پێناسە کردووە تاکوو لەم ڕێگەیەوە هەم بیروڕای گشتی بۆ لای خۆی بکێشێت هەم دامەزراوە نیونەتەوەییە وەرزشییەکان بۆ مەحکوومکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل هان بدات.
بەپێی زانیارییەکان لە چەند ماڵپەڕ کە لێکۆڵینەوەیان لەم ناوانە کردووە، محەممەدحوسێن سەواری کە لە هێرس بۆ سەر بنکەی سپای پاسداران لە ئەهواز کوژراوە لەلایەن وەزارەتی وەرزشەوە وەک یاریزانی پێشووی یانەکانی فووتباڵی ئەهواز ناسێندراوە.
هەروەها مستەفا یوونسی کە لە هێرش بۆ سەر بنکە مووشەکییەکانی سپای پاسداران لە یەزد کوژراوە، لەلایەن ئەم وەزراەتەوە وەک پاڵەوانی پێشووی زۆرانبازیی ئێران پێناسەی بۆ کراوە.
ئەم وەزارەتە پاسدارێکی دیکە بە ناوی "محەممەدحوسێن ئیسماعیلی کاشانی نژاد"ـی وەک ڕاهێنەر و پاڵەوانی پێشووی کاڕاتێ پێناسە کردووە.
جێی ئاماژەیە کە وەزارەتی وەرزشی کۆماری ئیسلامی هەر لە یەکەم ڕۆژەوە هەوڵی داوە زۆربەی کوژراوەکانی سپای پاسداران وەک وەرزشوانانی بەئەزموون لەقەڵەم بدات و پێشتریش چەند کوژراوی دیکەی سپای پاسدارانی خستبووە نێو ئەم لیستەوە.