
ئەرتەشی ئیسرائیل لە وڵامی پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن ڕێژیمەوە، مووشەکێکی ئاراستەی سیستمێکی ڕاداری لە باکووری تاران کردووە.
بە وتەی رادیۆ ئەرتەشی ئیسرائیل، لە وڵامی دوایین هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل و پێشێلکردنی ئاگربەستەکە، ئەرتەشی ئیسرائیل لە هێرشێکی سەمبۆلیکدا، هێرشێکی مووشەکیی بۆ سەر سیستمیکی ڕاداری لە باکووری تاران کردووە.
هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵی بیستنی دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز لە بابولسەر لە باکووری ئێران بڵاو کرایەوە و پاشان هەواڵدەریی میزان سەر بە دەزگای دادوەریی ڕێژیم هەواڵێکی سەبارەت بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە بڵاو کردەوە.
بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، سیستمێکی دژە ئاسمانی لە ناوچەیەکی شاری بابولسەر لە پارێزگای مازەندەران لە باکووری ئێران، کراوەتە ئامانج.
پێشتر یێسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هۆشداریی دابوو کە ئەگەر ئیرانییەکان ئاگربەستەکە پێشێل بکەن، ئەرتەشی ئیسرائیل بە توندترین شێوە وڵام ئەداتەوە.