
هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سانسۆرکردنی هەواڵەکان و زانیارییە متمانەپێکراوەکانی شەڕ لە ڕێگەی پچڕانی ئینتێرنێتەوە.
هاوکات لەگەڵ دەسپێکی هێرشە بەربڵاوەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ڕێژیم بە پچڕانی ئینتێرنێت هەر لە یەکەم ساتەکانەوە، هەوڵی دا کە زانیارییە متمانەپێکراوەکان و هەروەها هەواڵی خەسارە قورسە بەرکەوتووەکانی لەنێو کۆمەڵگای ئێراندا بڵاو نەبێتەوە.
ڕێژیمی تاران بە بیانووی ئەوەی کە دڕۆنەکانی ئیسرائیل لە ئینتێرنێتی "سیم کارت" کەڵک وەردەگرن، سەرەتا خێرایی ئینتێرنێتی لاواز کرد و پاشان بە تەواوەتی بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر پچڕاندی.
ڕێژیم دواتر لە ڕووی ناچارییەوە و بۆ بەردەوامبوونەوەی کاروباری ڕۆژانەی ئیدارەکانی، بە ڕێژەیەکی کەم ئینتێرنێتی بۆ جارێکی دیکە کارا کردەوە هەر چەند تاکوو ئێستاش هەر خێرایی ئینتێرنێت لە چەند ناوچەی ئێران لاوازە.
پچڕانی ئینتێرنێت لە دۆخی شەڕدا، مەترسییەکی جیددی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان دروست کردبوو.
هەروەها ناوەندە فریاگوزارییەکان بەهۆی پچڕانی ئینتێرنێتەوە نەیاندەتوانی بۆ کاروباری فریاکەوتن بە شێوەی پێویست لەو کاتانەدا، هاوئاهەنگ و لە پێوەندیی لەگەڵ یەکتردا بن.