
ڕۆژی دووشەممە ٢٣ ژوئەنی ٢٠٢٥ لە شاری مونیخ لە وڵاتی ئاڵمان، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە دۆخی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پرسی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران لەگەڵ خاتوو مای ساتۆ هەواڵنێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران، کریستل ئەبی حەبیب و ئاناهیتا حوسینی یاریدەدەرانی مای ساتۆ کۆ بوونەوە .
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێزعەزیز ڕەسووڵی (ئاگری) نوێنەری ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆخی نالەباری زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕەوشی بەندکراوانی سیاسی لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها لەسەر دۆخی زیندانییانی سیاسیی ڕزگار بوو لە بەندیخانەکانی ئێران و مەترسی و ئاڵەنگارییەکانی بەردەم ئەو توێژەی کۆمەڵگای خستە ڕوو، هەروەها کۆمەڵێک داتا و زانیاریی وردی لەسەر دەسبەسەرکراوانی سیاسی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ پێشکەش بە مای ساتۆ کرد.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا چەند بەندکراوی سیاسیی ڕزگاربوو لە بەندی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڕێزان کاوان حەیدەری و سامان نووری و جەلیل پاڵانی باسی ئەزموونی خۆیان لە چۆنییەتی دەسبەسەرکردنیان و چۆنیەتیی ئەشکەنجەی ڕۆحی و دەروونیی خۆیان لە ژوورە تاریکەکانی ئیتلاعات و ناوەندە ئەمنییەکان و بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا کرد و دڕندەیی و پێشێلکاریی مافی مرۆڤیان بەرانبەر بەندکراوانی سیاسیی ئێران و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مای ساتۆ و هاوڕێیانی ڕوون کردەوە.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا مای ساتۆ هەواڵنێری تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، بە وردی گوێی بۆ قسەکانی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە گرت و ئاماژەی کرد کە بابەت و ڕاپۆرتە باسکراوەکانی کۆبوونەوەکە یارمەتیدەرێکی باشن بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەسەر ئێران و بەڵێنیشی دا کە بەردەوام بن لە هەماهەنگی و پێوەندی لەگەڵ ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.