کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ٦٨ کەس لە کوردستان لە مانگی جۆزەرداندا

10:12 - 4 پووشپەڕ 2725

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە رێژەی دەسبەسەرکردنی هاوولاتییان لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠٤دا کردووە.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مانگی ڕابردوودا، ٦٨ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون.

بەشێک لەم کەسانە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و چارەنووسیان ناڕوونە.

جیگای ئاماژەیە کە لە سەرەتای دەسپێکردنی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل بە سەدان کەس لە سەرانسەری ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەسبەسر کراون، کە ئەمە بووەتە جێگای نیگەرانیی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ.

دەیان شۆفێری بارهەڵگرەکان لە ئێران و کوردستان دوای ناڕەزایەتیدەربرینیان لەسەر دابینکردنی مافە سینفییەکانیان دەسبەسەر کران.

جیا لەو ئامارانە بە دەیان کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراون و لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە.

١٨ کەس لە کچانی خوار تەمەن ١٨ ساڵی شاری مەهاباد بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی شەڕی ئێران و ئیسرائیل لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کراون، هەروەها ١٥ مامۆستای خەڵکی شاری سنە لەلایەن ئیتلاعاتەوە بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بانگ کراون و لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە.

بە پێی ئامارەکانی ئەنجومەن لە مانگی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاویدا، ١٠ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون و لێکۆلینەوەیان لێ کرابوو، لەلایەن بەناو دادگاکاانی ڕێژیمەوە کەیسەکانیان یەکلایی کراوەتەوە و سزای بەندکرانیان بەسەر دا سەپێندراوە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەو سزادراوانە لە سەر یەک بە ١٠ ساڵ و ١ مانگ و ٧ڕۆژ بەندکردنی داسەپاو و ٥ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو مەحکووم کراون. هەروەها ٢ بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی "ئیسماعیل فکری" خەڵکی تاران و "مەجید مسەیبی" بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و "موجاهد کورکووری" لە نەتەوەی عەرەب خەڵکی شاری ئیزە لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا لە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئیرانەوە لە سێدارە دران.