
داتا بڵاوکراوەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە سەبارەت بە خەسارەکانی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئەم وڵاتە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، باس لە کوژرانی سەرجەم ١٤ زانانی ناوکیی ڕێژیم دەکەن.
لە ١٥ ساڵ پێشەوە کۆمەڵێک ڕاپۆرت سەبارەت بە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ لەنێوبردنی زانا ناوکییەکانی ڕێژیم بڵاو کراونەتەوە و لە شەڕی ڕاستەوخۆی ئەمجارەدا، ئیسرائیل بەفەرمی کوشتنی ١٤ کەسی پێوەندیدار بە بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامیی، ڕاگەیاند.
بە وتەی ئاسۆشەیتێدپرێس ئەم کەسانە لە مۆرە گرینگ و بلیمەتەکانی ڕێژیم لە پرسی ناوکیدا بوون و فەرەیدوون عەباسی کە لەنێو کوژاراوندایە، لە ساڵی ١٣٩٨دا کەوتە بەر هێرشێک بەڵام، ڕزگاری بوو.
بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەی قەبووڵكردنی ئاگربستەکەدا باسی لەوە کردووە کە وڵاتەکەی لەم ئۆپەراسیۆنەدا دەسکەوتی مێژوویی هەبووە و هەڕەشە گرینگەکانی پێوەندیدار بە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی سڕیونەتەوە.
ژمارەیەک لە بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئیسرائیل و بەرپرسانی ڕۆژاوایی و کارناسان، لەسەر ئەو باوەڕەن کە لەنێوچوونی زانایانی بەرجەستەی پرسی ناوکیی کۆماری ئیسلامی و خەسارگەلێک کە بەر فۆردۆ و باقی دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیم کەوتوون، بۆ ماوەی چەند ساڵ پرسی ناوکیی ڕێژیمیان دوا خستووە.