کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەگرتنی ڕەوتی سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ترساندنی خەڵک

11:52 - 4 پووشپەڕ 2725

وتەبێژی دەزگای بە ناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕ، لە لێدوانێکی تلویزیۆنیدا ڕایگەیاند ئەو دەزگایە بڕیاری داوە ئەو کەسانەی کە بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل تۆمەتبارن بە لەبەرچاوگرتنی "دۆخی شەڕ"دا دادگایی بکرین. ڕوانگەیەک کە کارناسان بە هەنگاوێکی دیکە بەرەو سەرکوتی توندتر لە نەیاران و ڕەخنەگران لەژێر پەردەی نیگەرانییە ئەمنییەکان دەزانن.

ئەسغەر جەهانگیر، وتەبێژی دەزگای بەناو دادوەری ڕایگەیاند، بە فەرمانی تایبەتی موحسینی ئێژەیی، لقی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانی پەیوەندیدار بە کەسانی هاوکاری ئیسرائیل لە سەرانسەری وڵاتدا بەپەلە دامەزراوە. بە وتەی ناوبراو، ئەو دۆسییانە بە خێرایی و یەکلاکەرەوە و بەپێی دۆخی شەڕ لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

ناوبراو دانی بە کاریگەرنەبوونی یاساکانی هەنووکەیی سەبارەت بە سیخوڕیدا ناوە و داوای کردووە دەسەڵاتەکانی دەزگای بەناو دادوەری بۆ ترساندنی خەڵک فراوانتر بکرێت.

لە لایەکی دیکەوە هەڕەشەی ناڕاستەوخۆ لەسەر هاووڵاتییانی چالاک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرنامەی کاردا بووە. ئەسغەر جەهانگیر ڕایگەیاند، لە شارێکدا زیاتر لە ٢٠٠ کەس کورتەنامەی هۆشدارییان بۆ نێردراوە، لەبەر ئەوەی ناوەڕۆکی پۆستەکانیان لە ڕوانگەی دەزگا ئەمنییەکانەوە، ئەمنییەتی ڕەوانیی کۆمەڵگەی خستووەتە مەترسییەوە.

لە هەلومەرجێکدا کە قەیرانی ئابووری و گەندەڵیی پێکهاتەیی و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و بێ‌متمانەیی بە ڕێژیم لە ئێراندا گەیشتووەتە ئەوپەڕی خۆی، بەکارهێنانی ئامرازەکانی "شەڕ" و "سیخوڕی" وەک بیانوویەک بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان نەک هەر چارەسەر نییە، بەڵکوو بەڵگەیەکی ڕوونی ترسی ڕێژیم لە دەنگی خەڵک دەخاتە بەرچاو.