کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل: هێرش بۆ سەر ئێران هێشتا کۆتایی نەهاتووە

12:29 - 4 پووشپەڕ 2725

بەرپرسی ستادی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕ ڕایگەیاند کە سەرەڕای دەستپێکردنی ئاگربەست کە لەلایەن ترامپەوە لە نێوان هەردوو وڵات ڕاگەیەندرا، هێرش دژی ئێران هێشتا کۆتایی نەهاتووە.

ئییال زامیر لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ستادی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل دوای دەستپێکردنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران، وتی: ''ئێمە کۆتایی بە وەرزێکی گرینگ دەهێنین، بەڵام هێشتا هێرشەکان بۆ سەر ئێران کۆتایی نەهاتووە.''

ناوبراو وتی: ''ئێمە بە پشتبەستن بە دەستکەوتەکانی ئەم هەڵمەتە دەچینە قۆناغێکی نوێ، بەرنامەی ناوکی و مووشەکییەکانی ئێرانمان بۆ چەندین ساڵ پەک خست و دەبێت لە مەیداندا بمێنینەوە.''

بەرپرسی ستادی ئەرتەشی ئیسرائیل هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە فۆکۆسی ئەرتەشی وڵاتەکەی لە ئێستادا لەسەر غەززەیە بۆ گەڕاندنەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان و نەهێشتنی دەسەڵاتی حەماس.

هاوکات دەوڵەتی ئیسرائیل لە ئەگەری پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، هۆشداری داوە کە لە وڵامدانەوەی توندی دەبێت. تێلاڤیڤ هەروەها ڕایگەیاند کە سەرکەوتنێکی گەورەی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەدەست هێناوە و هەڕەشەی مووشەکی و ناوکیی ئێرانی لەنێو بردووە.