کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ وڵاتی ئورووپایی خوازیاری گەڕانەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر مێزی دانوستان بوون

13:02 - 4 پووشپەڕ 2725

لە درێژەی هەوڵە دیپڵۆماتیکەکان دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل، ڕێبەرانی سێ وڵاتی ئورووپایی داوایان لە تاران کرد بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستانە ناوکییەکان لەگەڵ ئەمریکا.

ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرانسە، کێەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا و فریدریش مێرتز، ڕاوێژکاری ئاڵمان، ڕۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕ، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئاتڵانتیکی باکوور ( ناتۆ) لە شاری لاهە، داوایان لە کۆماری ئیسلامی کرد کە ڕەوتی وتووێژ و دیپلۆماسی بگرێتە بەر.

سێ ڕێبەری ئورووپایی لە دیدارێکی هاوبەشدا باسیان لە بارودۆخی ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و ڕایانگەیاند کە دوای وەستانی کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە تاران بۆ دانوستانەکان بگەڕێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ''لۆفیگارۆ''ی فەرانسە، ڕێبەرانی ئورووپایی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بەردەوامیی گرژییەکان نەک تەنیا ناوچەکە بەڵکوو هەڕەشە لە ئەمنییەتی جیهان دەکات و تەنیا ڕێگای چوونە پێش ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی دەستبەجێ بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستانی ناوکی.