کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەجلیسی ڕێژیم هەڵپەساردنی هاوکاریی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی پەسەند کرد

16:04 - 4 پووشپەڕ 2725

عەلیڕەزا سەلیمی، وتەبێژی سەرۆکایەتیی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند، ئەندامانی مەجلیس مەرجە گشتی و وردەکانی گەڵاڵەیەکیان پەسەند کرد کە بەپێی ئەو گەڵاڵەیە هاوکاریی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی ڕادەگیرێت.

ناوبراو وتی، بەپێی بڕیارنامەی مەجلیس مەئموورانی ئاژانس مافی ئەوەیان نییە بۆ پشکنین بێنە نێو ئێرانەوە، مەگەر ئەمنییەتی دامەزراوە ناوکییەکان و چالاکییە ناوکییە ئاشتیخوازانەکانی ئێران گەرەنتی بکرێت و ئەمەش بە ڕەزامەندیی شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللی گرێ دراوە.

هەروەها محەممەدباقر قاڵیباف، بەرپرسی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کرد کە ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسدا ڕادەگرێت تا ئەمنییەتی دامەزراوە ناوکییەکان مسۆگەر دەبێت.

قاڵیباف لە درێژەی قسەکانیدا وتی کە کۆماری ئیسلامی خێراتر بەرنامە ناوکییەکەی بەرەو پێش دەبات.

دوای ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، جەختی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەسەر بەرنامەی ناوکی و درێژەدان بەو بەرنامەیە زیادی کردووە.

پەسەندکردنی ئەم گەڵاڵەیە لە کاتێکدایە کە ڕافائێل گروسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی داوای دەستپێکردنەوەی خێرای چاوەدێریی چالاکییە ناوکییەکانی لە ئێران کردووە.