کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەوازی ٨٤ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی لە ناڕەزایەتی بە لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی ئەفغانستانی لە ئێران

11:31 - 15 جۆزەردان 2725

٨٤ ڕێکخراو و دامەزراوەی مافی مرۆڤی لە کوردستان، ئێران و جیهاندا، ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر تاوانەکانی ڕێژیم بە دژی هاووڵاتییانی ئەفغانستانیی نیشتەجێی ئێران دەربڕی.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەم ٨٤ ڕێکخراوە و سەرچاوە میدیاییەکانی کوردستان و ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی جۆزەردان، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن ٨٣ دامەزراوەی مافی مرۆڤیی دیکەوە واژۆ کرا، ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی ئەفغانستانی لەلایەن ڕێژیمەوە، دەربڕی.

لەم بەیاننامەیەدا بە ئاماژەدان بە لەسێدارەدانی لانیکەم ٨٠ پیاوی ئەفغانستانی لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی لە ئێران هاتووە، لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی ئەفغانستانی بە شێوەیەکی جیددی لە ئێران زیادی کردووە و جەختیش کراوەتەوە کە ئەم بەرزبوونەوە لە پاش دەسەڵاتداریی دووبارەی تاڵەبان لە ئەفغانستان بە لەسێدارەدانی پێنج هاووڵاتیی ئەفغانستانیی نیشتەجێی ئێران، دەستی پێ کردووە.

بەپێی ئامارەکان ئەم ڕێژەیە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی، سێ قات زیادی کردووە و هەروەها تەنیا لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ی زایینیدا، لانیکەم ٣٢ هاووڵاتیی دیکەی ئەفغانستانی لەلایەن ڕێژیمەوە لە سێدارە دراون.

لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی ئەفغانستانی لەکاتێکدایە کە حکوومەتی تاڵەبان پێشتر باسی لەوە کردبوو کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بە ڕێککەوتنێک گەیشتوون کە چیتر هاووڵاتییانی مەحکووم بە لەسێدارەدانی ئەفغانستانیی نیشتەجێی ئێران، ڕادەستی تاڵەبان بکرێنەوە.

جیا لەوەی کە بەهۆی دۆخی سیاسیی حکوومەتی ئەفغانستانەوە، لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی ئەم وڵاتە نزیک بە هیچ تێچوویەکی بۆ کۆماری ئیسلامی نییە، شەپۆلی دژ بە ئەفغانستانییەکانی نیشتەجێ و پەنابەر لە ئێران کە لە گوتارێکی فاشیستانەی حکوومەت و لە ڕێڕەوەی هەستی ناسیۆنالیزمی بەرچاوتەنگی نەتەوەی فارسەوە سەرچاوە دەگرێت، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی کەمبینینیی هاووڵاتییانی ئەفغانستانی لە ئێران و لە ئاکامدا ڕێخۆشکەری لەسێدارەدانیانە.

 

لە ئێستادا ئەم ٨٤ ڕێکخراوە داوایان لە هەموو دامەزراوە و چالاکوانانی مافی مرۆڤی کردووە تاکوو بە هەر شێوەیەک دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی ئەفغانستانی بەرز بکەنەوە و هەروەها داوایشیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە تا کاردانەوەیەکی بەجیی سەبارەت بەم بابەتە هەبێت.