
بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی دەبێت دۆخی گۆڕینی ڕێژیم بێنێتە ئاراوە تاکوو خەڵکی ئێران بتوانن خۆیان ڕێژیمی ئیسلامی بگۆڕن.
ئەمیر ئاویوی، سەرۆکی ئەنجومەنی بەرگری و ئەمنییەتی ئیسرائیل، لە پێوەندیی لەگەڵ دۆخی هەنووکە و پاش لاوازبوونی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل دەبێت ڕێژیمی ئێران لاوزاتر بکات تاکوو خەڵک بتوانن شۆڕش بکەن.
ئاویوی دەڵێت: "پێویستە دۆخێک بهێنینە ئاراوە تاکوو خەڵک شۆڕش بەرپا کەن و ڕێژیم بگۆڕن نەک ئەوەی کە خۆمان ڕێژیم بگۆڕین چونکە گۆڕینی ڕێژیم لە پێوەندیی لەگەڵ خەڵکی ئێراندایە".
ناوبراو زیادی کردووە: "خەڵکی ئێران دەبێت شۆڕش بکەن و ڕێژیمەکە بگۆڕن، بەڵام ئێمە دەتوانین دەسەڵاتی ڕێژیم لەسەر کۆمەڵگای ئێران لاواز بکەین".
سەرۆکی ئەنجومەنی بەرگری و ئەمنییەتی ئیسرائیل هۆشداریی ئەدات کە ئەگەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی بەدەست بمێنێت، بۆ جارێکی دیکە هەوڵی دەسپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی ئەدات و پێویستە کە ئیسرائیل بە شێوەی خۆی کارەکە کۆتایی پێ بهێنێت.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کۆماری ئیسلامی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان هەڵدەسەنگێنێت و دەڵێت: "ئێمە بە شێوەیەک حیزبوڵڵامان لاواز کرد تاکوو دەوڵەتی لوبنان بوێرتر ببێت و بتوانێت بە جۆرێکی دیکە لەگەڵ حیزبوڵڵا هەڵسوکەوت بکات، ئەم جۆرە هەڵسوکەوتەی دەوڵەتی لوبنان لەگەڵ ئەم گرووپە دوو ساڵ پێش ئێستا لە بڕوای کەسدا نەبوو".