
دوابەدوای هێرشە قورسەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانە گرینگەکانی ڕێژیمی ئێران و ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان تاران و تێلاڤیڤ، دیارنەبوونی عەلی خامنەیی، بۆ ماوەی نزیکەی حەفتەیەک، دەنگۆی بەربڵاوی لە ئاستە جۆربەجۆرەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگادا پەرە پێ داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ''نیویۆرک تایمز''، لەحاڵێکدا کە خەڵک و نوخبە سیاسییەکانی ئێران سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئەم دواییە، چاوەڕوانی هەڵوێستی ڕێبەری کۆماری ئیسلامین، بەرپرسان هیچ ئاماژەیەکیان سەبارەت بە تەندروستی و ئامادەبوونی ناوبراو نەخستووەتە ڕوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، خامنەیی کە بە شێوەیەکی نەریتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بڕیاردەری کۆتاییە لە پرسە گەورەکاندا، هیچ لێدوانێکی لەبارەی هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەی ئەمریکا لە قەتەر و ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل نەداوە.
نەبوونی خامنەیی لە ناوەڕاستی قەیرانێکی بێوێنەدا نیگەرانییەکانی لایەنگرانی لەبارەی باری جەستەیی و ڕادەی ڕۆڵی لە سەرکردایەتیکردنی وڵاتدا زیاتر کردووە.
چوار بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامی بە نیویۆرک تایمزیان ڕاگەیاندووە، لە نەبوونی خامنەییدا، کێبڕکێی دەسەڵات لە نێوان لایەنە سیاسییەکان دەستی پێ کردووە. بەپێی ئەو سەرچاوانە، "لایەنی میانڕەو" بە سەرۆکایەتیی مەسعوود پزشکییان کە خوازیاری دانوستان لەگەڵ ئەمریکایە، لە ئێستادا دەستی باڵای هەیە.
لە بەرامبەردا سەعید جەلیلی و ئەو لایەنەی کە بە توندڕەو ناسراون، دژایەتیی ئاگربەست و دانوستاندن لەگەڵ ڕۆژاوایان کردووە و سەرۆکی دەوڵەت و وەزیری دەرەوەیان بە ناکارامەیی سیاسی تۆمەتبار کردووە.